لە ڕۆژانی ڕابردوودا فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی ٢٢ ساڵانی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراوی کورد کە ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ (١٦ی مارسی ٢٠٢٣) لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە درابوو، لە لایەن لقی ١١٣ی دادگای کەیفەریی دووی ورمێوە بە تۆمەتی «شکاندنی جامی دەرگای پاسەوانیی دادگای پیاچوونەوە» سزای ساڵێک بەندکران و ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دادگای ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاڕۆژەکانی خاکەلێوە (ناوەڕاستی ئاوریل) لە لقی ١١٣ی دادگای کەیفەریی دووی بینای بەهەشتیی ورمێ، بەبێ ئەوەی مافی دانانی پارێزەری پێ بدرێت، بەڕێوە چووە و حوکمەکەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێ راگەیەنراوە.

ئەم حوکمە بە پشتبەستن بە مادەی ٦٨٧ی یاسای سزادانی ئیسلامی دەرکراوە و بەپێی دەقی حوکمەکە، فەخرەدین ئیبراهیمی بە تۆمەتی «شکاندنی جامی دەرگای پاسەوانیی دادگای پیاچوونەوە» سزای ساڵێک بەندکران و ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپاوە.

دوای تانەدانی ئەم هاووڵاتییە لەو حوکمە، دۆسیەکە ڕادەستی بەردەم دادگای پیاچوونەوەی پارێزگا کراوە.

فەخرەدین ئیبراهیمی پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەمەدا (١٦ی مارس) و پاش سەردانکردنی زیندانی ناوەندیی ورمێ بە مەبەستی دواهەم دیدار لەگەڵ باوکیدا، کەوتبووە بەر پەلامار و لێدانی هێزەکانی زیندان و نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ لە بەردەم دەرگای زیندانی ورمێدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی دواتر پاش لەسێدارەدانی باوکی بە دانانی کەفالەت ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی ١٤ی خاکەلێوە (٣ی ئاوریل) دوای بانگهێشتکران بۆ لقی ٩ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی دواتر بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کورد، ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەمە (١٧ی مارس) لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە درا. دامودەزگا ئەمنییەکان تا ئێستە تەرمی ئەم زیندانییە سیاسییەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە خۆیان لە شوێنێکی پارێزراودا ئەسپەردەیان کردووە.

پاش سەردان و بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە لەسێدارەدراوە بۆ دادگا و ئیدارەی تۆمارکردنی ناسنامەی مەدەنی لە شارەکانی ورمێ، شنۆ و نەغەدە، دواجار لە ئیدارەی تۆمارکردنی ناسنامەی نەغەدە بەڵگەی فەوتنامەکەیان پێ درابوو. لەو بەڵگەنامەیەدا «سزای یاسایی» وەک هۆکاری مردنی مەحیەدین ئیبراهیمی تۆمار کراوە.