لە درێژەی گوشارەکانی سەر زیندانیانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێدا، ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم زیندانیانە بانگهێشتی بەردەم بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات کراون و خراونەتە ژێر لێپرسینەوە. هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا داواکاری گشتیی ورمێ سەردانی بەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێی کردووە و وێڕای ناوزەدکردنی زیندانییەکان بە «جوداییخواز و تیرۆریست»، هەڕەشەی دوورخستنەوە بۆ زیندانی شارەکانی تری لێ کردوون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە حەفتەکانی ڕابردوودا برا و دایکی زیندانیی سیاسیی کورد کامران قاسمی لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کراوە. لێپرسەوە ئەمنییەکان ئەم بنەماڵەیان خستووەتە ژێر گوشارەوە کە دەبێ پێوەندیی تەلەفۆنیی خۆیان لەگەڵ منداڵەکەیاندا ببڕن و چیتر بۆ دیدارکردن لەگەڵ کامراندا سەردانی زیندان نەکەن.

لە درێژەی ئەم گوشارانەدا، کامران قاسمی و نایب عەسکەری، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، لەم مانگانەی پێشوودا لە مافی دیداری بنەماڵە بێبەش کراون و بەرپرسانی زیندان مەرجی دیدارکردنیان بەستووەتەوە بە ڕەزامەندیی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە.

هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا حسەین مەجیدی، داواکاری گشتیی ورمێ، لە کاتی بەسەرکردنەوەی زیندانی ناوەندیی ورمێدا ئەو زیندانییە سیاسییە کوردانەی کە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکاندا لە زینداندان، بە «جوداییخواز و تیرۆریست» ناوزەد کردووە و هەڕەشەی دوورخستنەوە بۆ زیندانی شارەکانی تری لێ کردوون.

لە لایەکی ترەوە ڕۆژی ڕابردوو ئەرسەلان خودکام، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە بەندکرانی هەتاهەتایی، بانگهێشتی بەردەم نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات لە ناو زینداندا کراوە و بۆ ماوی چەندین کاتژمێر خراوەتە ژێر لێپرسینەوە.

کامران قاسمی، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای مانگێک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا. ئەم هاووڵاتییە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (دێسامبری ٢٠٢٠) لەگەڵ دوو هاووڵاتیی کوردی دیکەدا بە ناوەکانی کەیوان ڕەشۆزادە و ئومید سەعیدی لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەدا، هەرکامە و سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای قبووڵکران لە لایەن تۆمەتبارانەوە بەپێی یاسا گۆڕدرا بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ.

ئەرسەلان خودکام، ٤٨ ساڵان و هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، پێشتر ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بووە کە چەندین ساڵ لەمەوپێش دوای جیابوونەوە لەو حیزبە و بە وەرگرتنی «ئەماننامە» گەڕایەوە بۆ ئێران و ساڵی ١٣٨١ (٢٠٠٢) لە سوپای پاسداراندا دەستی بە کار کرد. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢ی گوڵانی ١٣٩٧دا (٢٣ی مەیی ٢٠١٨) بە تۆمەتی «سیخوڕی» لە بەرژەوەندیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەزگای پاراستنی زانیارییەکانی سوپاوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ٨١ی ڕەمەزانی سوپا لە پادگانی ئەلمێهدیی ورمێ خرایە ژێر لێپرسینەوە. لێپرسەوە ئەمنییەکان بە مەبەستی زیادکردنی گوشارەکان لەسەر ئەرسەلان خودکام و وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، نەشمیل قۆیتاسیی هاوسەریشیان دەستبەسەر کرد. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٧دا (١٤ی جولایی ٢٠١٨) بەبێ ئەوەی مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری هەڵبژێرراوی پێ بدرێت، لە لقی یەکەمی دادگای سەربازیی ورمێ دادگایی کرا و هەمان ڕۆژ بە تۆمەتی «موحارەبە» و «سیخوڕی» لە بەرژەوەندیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. دوای ئەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە تانەی لەو حوکمە دا، دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی بەردەم لقی ٣٢ی دیوانی باڵای ئێران کرا، بەڵام لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی هەمان ساڵدا (١٧ی سێپتامبر) وەک خۆی پەسەند کرایەوە. دواجار ئەم حوکمە لە خاکەلێوەی ١٤٠٠دا (ئاوریلی ٢٠٢١) لە کۆمیسیۆنی لێخۆشبوون و بەخشینی دەزگای دادوەریی ئێراندا و دوای پلەیەک کەمکرنەوە، گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

نایب عەسکەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠دا (٢٤ی مارسی ٢٠٢١) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێوە دەستبەسەر کرا و دوای ٣ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دامەزراوە ئەمنییەدا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. ئەم زیندانییە سیاسییە لە خاکەلێوەی ١٤٠٢دا (ئاوریلی ٢٠٢٣) بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. نایب عەسکەری پێشتر و لە ساڵی ١٣٩٧دا (٢٠١٨) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە و بە شێوەی غیابی هەر بەم تۆمەتە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو کە دوای تانەلێدان، حوکمەکە هەڵوەشایەوە و ڕادەستی بەردەم لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامی کرا.