دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئاودانانی پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی ناسر ڕەزایی و محەممەد دانیالی وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر مانەوە لە دۆخی دەستبەسەربووندا و ئەشکەنجەدران لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامدا مانیان لە خواردن گرت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو هاووڵاتییە لە ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردانەوە (٩ی ژوەن) لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامدا مانیان لە خواردن گرتووە و هەوڵەکانی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخیان بێئەنجام بووە.

ناسر ڕەزایی، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی «سەراو باخ»ی شاری ئاودانان لە ڕێکەوتی ١ی جۆزەرداندا (٢٢ی مەی) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ترمیناڵی ئەهواز دەستبەسەر کرا. هەروەها محەممەد دانیالی، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی «بنار»ی ئاودانان، لە ڕێکەوتی ٢٤ی گوڵاندا (١٤ی مەی) لە دێلوڕان دەستبەسەر کرا.

ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراون.