هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «پسوێ»ی پیرانشار بە ناوی مووسا ئیسماعیلی کە لە ڕێکەوتی ١٧ی گوڵاندا (٧ی مەی) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئەم دەزگا ئەمنییەدا لە ورمێ کوژراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ شەممە ١٧ی پووشپەڕ (٨ی جولای) باوکی ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە بانگهێشتی بەردەم بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە و هێزە ئەمنییەکان پێیان ڕاگەیاندووە کە منداڵەکەی لە دەستبەسەرگەدا «بە هۆی ئەشکەنجەوە» گیانی لەدەست داوە.

هێزە ئەمنییەکان ئامادە نەبوون تەرمی ئەم هاووڵاتییە ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە و هەڕەشەیان کردووە کە بۆیان نییە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی بۆ بگرن.

مووسا ئیسماعیلی، ٣١ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «پسوێ»ی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ١٧ی گوڵاندا (٧ی مەی) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە ورمێ.

ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو. بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە چەندین جار سەردانی دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکانی پیرانشار و ورمێیان کردبوو، بەڵام هیچ وەڵام و زانیارییەکی ڕوون و دروستیان لەسەر چارەنووسی منداڵەکەیان پێ نەدرابوو.

هێزە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندووە کە مووسا ئیسماعیلی تۆمەتبار بووە بە «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا».