پێنج هاووڵاتیی خەڵکی سەراوڵەی ئیلام بە ناوەکانی نەوید محەممەدنژاد، مێهرداد قەیسەربەیگی، ئەیوب گەراوەند، یونس گەراوەند و شەهریار فەریادیان لە پێنجەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردندان. ئەم پێنج هاووڵاتییە لە ڕۆژی یەکشەممە ١ی گەلاوێژەوە (٢٣ی جولای) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بەردەوامبوونی دەستبەسەریی خۆیاندا لە دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئیلام مانیان لە خواردن گرتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە بەرپرسانی دەستبەسەرگەی ئیلام تا ئێستا هیچ ئاوڕێکیان لە داخوازییەکانی ئەم پێنج هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە نەداوەتەوە و لە مافی دیداری بنەماڵە و پارێزەریش بێبەشیان کردوون.

ئەم پێنج هاووڵاتییە کە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئەم شارە کراون، تا ئێستایش بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە دۆخێکی نادیاردان.

لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا و سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانکردنی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم کەسانە بۆ دادگوستەریی سەراوڵە، داواکاری گشتیی ئەم شارە ئامادە نەبووە لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکانیان بکات. ئەم پێنج هاووڵاتییەیش لە ڕۆژی یەکشەممە ١ی گەلاوێژەوە (٢٣ی جولای) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بەردەوامبوونی دەستبەسەریی خۆیاندا و پشتگوێخستنی دۆسیەکانیان لە لایەن داواکاری گشتیی سەراوڵەوە، مانیان لە خواردن گرتووە.

ڕۆژی ٢١ی جۆزەردان (١١ی ژوەن) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام بە شێوەی هاوکات شەش هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەراوڵەیان بە ناوەکانی محەممەد تەهماسبی (مامۆستا)، نەوید محەممەدنژاد (وەرزشکار)، مێهرداد قەیسەربەیگی، ئەیوب گەراوەند، یونس گەراوەند و حامید ڕەحمانی دەستبەسەر کرد. دوای چەند حەفتەیەک محەممەد تەهماسبی و حامید ڕەحمانی بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کران، بەڵام ئەو چوار هاووڵاتییەکەی تر تا ئێستایش بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە دەستبەسەرگەی کاتیی ئیلامدان.

هەروەها شەهریار فەریادیانیش ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ (١٣ی جولای) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری سەراوڵە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام. ئەم هاووڵاتییەیش دوای چەند ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامدا ڕەوانەی دەستبەسەرگەی کاتیی ئەم شارە کرا.

دەوترێت ئەم هاووڵاتیانە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراونەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحییەوە.