دۆسیەی پووریا جەواهێری، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران کە لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەم شارە دەستبەسەر کرابوو، دوای دەرکردنی سزانامە و ڕووبەڕووکردنەوەی کۆمەڵێک تۆمەت، لەوانە تۆمەتی «موحارەبە»، ڕەوانەی بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم هاووڵاتییە کە چەند مانگێک لەمەوپێش دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە گوازرابوویەوە بۆ زیندانی کامێران، دوابەدوای دەرکردنی سزانامە و ڕووبەڕووکردنەوەی کۆمەڵە تۆمەتێکی قورسی وەک «موحارەبە»، لە بەردەم مەترسیی دەرکردنی سزای «لەسێدارەدان»دایە.

موستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری ئەم هاووڵاتییە، بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئینستاگرامدا، نووسیویەتی: «دۆسیەی پارێزوانەکەم بەڕێز پووریا جەواهێری، لاوی خەڵکی کامێران کە گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوو (نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا دەستبەسەر کرا و خرایە زیندانەوە، بەم دواییانە و دوای ململانێیەکی زۆر، لە لایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی کامێرانەوە سزانامەی بۆ دەرکراوە و نێردراوەتە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەو ئێستە چاوەڕێی دیاریکردنی کاتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەین. ئەم تۆمەتانە ڕووبەڕووی پارێزوانەکەم کراوەتەوە: «موحارەبە» لە ڕێگای کوشتنی بەئەنقەستی ئەندامێکی سوپای پاسدارانەوە، «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەتدا» و «لێدان و بریندارکردنی بەئەنقەستی چەند ئەندامێکی هێزە چەکدارەکان».».

لە حاڵێکدا کە دامودەزگا ئەمنییەکان و دادسەرای گشتی و شۆڕش ڕایانگەیاندووە کە تۆمەتی ئەم هاووڵاتییە بریتییە لە «موحارەبە» لە ڕێگای کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسدارانەوە، بە دەیان هاووڵاتی بە واژۆکردنی تۆمارێک و هەناردنی بۆ دادگای کامێران شایەتییان داوە کە لە کاتی کوژرانی ئەندامەکەی سوپادا پووریا جەواهێری لە کۆمپانیایەکی قیر لە گوندی «تیلەکۆ»دا بووە. هەروەها خۆیشی لە دیداری بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە لە کاتی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری سوپای پاسداراندا، لەژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و ڕۆحیدا ناچار کراوە ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

ئەم هاووڵاتییە کۆتایی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو (مارسی ٢٠٢٣) لەژێر چاودێری و ڕێوشوێنی ئەمنیی تونددا براوەتە شەقامی ١٢ مەتریی کامێران و لێپرسەوە ئەمنییەکان ناچاریان کردووە لە سیناریۆی نواندنەوەی «بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و تەقەکردن لە هێزە سەربازی-ئەمنییەکان»دا بەشداری بکات.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو کە پووریا جەواهێری سەرەتا ئامادە نەبووە بەشداری لەم سیناریۆ ئەمنییەدا بکات، بەڵام دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بە چەک هەڕەشەیان لێ کردبوو، بە ناچار بەشداریی لە سیناریۆکەدا کردووە. هاوکات گرووپێکی ئەمنیی پێکهاتوو لە لێپرسەوە ئەمنییەکان ڤیدیۆیان لەم شانۆیە هەڵگرتووە کە سیناریۆی «کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران» لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کامێراندا بووە.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر و لە کۆتایی سەرماوەزی ١٤٠١ (دێسامبری ٢٠٢٢) لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەڕی سپای پاسدارانی سنەوە، ڕایگەیاندبوو کە لە کاتی لێپرسینەوەکان و لەژێر ئەشکەنجەدا بڕبڕەیەکی سینگی شکاوە.

پووریا جەواهێری، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران، لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەم شارە لە لایەن ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەڕی سوپای پاسدارانی سنە.

ساڵی ڕابردوو باوک و دایکی ئەم هاووڵاتییە بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک بۆ ڕێکخراوە داکۆکیکارەکان لە مافەکانی مرۆڤ، ڕایانگەیاند کە کوڕەکەیان «بێتاوان»ـە و دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر کراوە.

سەیدحسەین حسەینی، سەرۆکی دادگوستەریی پارێزگای کوردستان، لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ١٤٠١دا (١١ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) سەبارەت بە دۆسیەکەی پووریا جەواهێری بە هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێرانی وتبوو کە «بۆ ئەم کەسە لە لقی یەکەمی لێپرسینەوەی دادسەرای کامێراندا دۆسیە کراوەتەوە و ناوبراو لە بەردەم دادگاکەدا ئامادە بووە و ددانی بەوەدا ناوە کە تەقەی لە هێزە ئەمنییەکان کردووە و چەکەکیشی لە کەسێکی تر وەرگرتووە کە ئەو کەسەیش بەپێی دەستووری یاسایی دەستبەسەر کراوە.» ئەم بەرپرسە ڕایگەیاندبوو کە بۆ پووریا جەواهێری بە تۆمەتی «موحارەبە» بڕیاری دەستبەسەربوون دەرکراوە.