خەیروڵڵا حەقجوویان، چالاکی مەدەنیی یارسان و زیندانیی سیاسیی پێشوو، بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ناڕەزایەتیی خۆی لە ئاست دۆسیەسازی، ڕەوتی نادادپەروەرانەی دادگاییکردن و دەرکردنی سزای لەسێدارەداندا بۆ ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتیی کوردی یارسانی خەڵکی سەحنە، ڕاگەیاند. ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی «هاودەستی لە کوشتنی بەئەنقەست»ی نادر بەیرامیدا، سەرۆکی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەحنە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.

خەیروڵڵا حەقجوویان کە لە خزمانی ڕەزا ڕەساییە و لە نزیکەوە ئاگای لە ڕەوتی دەستبەسەرکردن، دادگاییکردن و دەرکردنی سزاکەیە، لە بەشێک لە قسەکانی لەم گرتە ڤیدیۆییەدا وتوویەتی: «لەسەر ئەو باوەڕەم کە ئەگەر خۆم قوربانی بکەم باشترە تا کەسانی تر؛ تراژیدیای دڵتەزێنی ٢٧ی گەڵاڕێزان (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) بە سیناریۆ و ڕەوتێکی نادادپەروەرانە و ڕێکخراو دەزانم بە ئاڕاستەی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا، سەرکوتکردن، بەبارمتەگرتن، دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، تۆڵەکردنەوەی کەسی و هەندێ جاریش ڕێکخراوەییدا. چونکوو لەباتیی گەڕان بەدوای هۆکارەکاندا لق و پۆپیان بە دۆسیەکە زیاد کرد تاکوو هەرجۆر کە خۆیان ویستیان هەڵیپاچن. لە لایەکەوە دروستکردنی کەشێکی ئاڵۆز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کە خۆیان هۆکاری لەناوبردنی ئەمنییەت بوون، لە لایەکی ترەوە ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی، شاردنەوەی دۆسیەکە، زەوتکردنی مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر، لێڵی و ناڕوونبوونی بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکان، ڕەوتی نادادپەروەرانەی دادگاییکردن بە شێوەیەک کە کۆمەڵە شایەتحاڵێکی درۆیینیان وەکوو تۆمەتبار تێکەڵی دۆسیەکە کردووە، لە هەندێ حاڵەتدا بە دەستێوەردان و زۆرجاریش هەڕەشەکردن لە تۆمەتباران و پاڵپێوەنانیان دژ بە یەکتر، دانپیانانی زۆرەملێ و تەنانەت حاشاکردن لە بابەتی ڕوون و ئاشکرا، وایان لێ کردووە کە دۆزینەوەی ڕاستی نامومکین بێت و ئەمەش لە حاڵەتەکانی (لوث)ـە، بە شێوەیەک کە ئەو سزایە بەبێ سەلماندنی تاوان دەرکراوە».

ساڵی ڕابردوو ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کۆمەڵگەی یارسان، کە ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە شاری سەحنەی پارێزگای کرماشاندا بەڕێوە چوو، لەژێر کاریگەریی سەرهەڵدانە سەرانسەرییەکەی دوای کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا، بوو بە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی جەماوەری.

هێزە سەربازی-ئەمنییە جێگیرکراوەکان لە شوێنی ڕێوڕەسمەکەدا، لە وەڵامی دروشمەکانی خەڵکدا بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللە هێرشیان کردە سەر بەشداربوان و ژمارەیەی زۆریان دەستبەسەر کرد. تا چەند ڕۆژ دوای ڕێوڕەسمەکەیش کەشێکی ئەمنی باڵی بەسەر شاری سەحنەدا گرتبوو. ڕۆژێک دوای ئەو ڕێوڕەسمە، هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران ڕایانگەیاند کە نادر بەیرامی، لە کاربەدەستە پلەباڵا ئەمنییەکانی شاری سەحنە، لەو ڕێوڕەسمەدا کوژراوە.

هێزەکانی پۆلیسی ئاگاهی لە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) ڕەزا ڕەساییان لە شەهریاری پارێزگاری تاراندا دەستبەسەر کرد کە یەکێک بوو لە بەشداربوانی ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاد، پاشان گواستیانەوە بۆ شاری سەحنە و بۆ ماوەی حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی سەحنەدا خستیانە ژێر ئەشکەنجەی قورسەوە تاکوو «بەشداریکردن لە کوشتن»ی نادر بەیرامیدا قبووڵ بکات.

ئەم هاووڵاتییە کوردە یارسانە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کرا و دوای چەند حەفتەیەک ئەم جارە بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە دەستبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاددا، لە زیندانی دیزڵئاواوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی کرماشان کران.

کۆبوونەوەکانی دادگاییکردنی ڕەزا ڕەسایی لە چەند مانگی ڕابردوو و لە سێ جاردا لە لقی ٢ی دادگای کەیفەریی یەکی کرماشان بەڕێوە چوو. دوای کۆتاکۆبوونەوە لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢دا (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٣)، ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەر (٧ی ئۆکتۆبەر) بە شێوەی نووسراو بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕەزا ڕەسایی لە کۆبوونەوەکانی دادگادا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی سەحنەدا بە هۆی «ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستدرێژیکردن»ـەوە ناچار بووە ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت و هەموو تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە.

بەپێی نوسخەیەک لە دادنامەکە کە بە دەستی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دادگا بەبێ سەرنجدان بە بەرگرییەکانی ئەم هاووڵاتییە کوردە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.