حاتەم ئوزدەمیر، زیندانیی سیاسیی کوردی هاووڵاتیی تورکیا، لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی خۆیەوە بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، بەڵام ئەم سزایە لە ڕەشەمەی ١٤٠١دا (مارسی ٢٠٢٢) لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشابوویەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٤ی گوڵاندا (٢٣ی ئاوریل) لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ دادگایی کرا و ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی گوڵان (١٩ی مەی) لە زیندانی ورمێ بە فەرمی پێی ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوەتەوە.

حاتەم ئوزدەمیر، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تورکیا، ئێوارەی ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٨ (٢ی جولایی ٢٠١٩) لەگەڵ گرووپێکی چەندکەسی لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای «حەمزەی سەیدولشوهەدا»ی سپای پاسدارانی ورمێوە. ناوچەکە کەوتبووە بەر گوللەباران و تۆپبارانی ئەو هێزانە و حاتەم ئۆزدەمیر بە برینداری لەسەر خۆ چووبوو و دەستبەسەر کرابوو. ئەم ئەندامەی پارتی کرێکارانی کوردستان سەرەتا گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێ و بۆ ماوەی ٥٠ ڕۆژ خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە، دواجاریش لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩٨دا (١٩ی ئاگۆستی ٢٠١٩) پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢٢) دوای ٣٣ مانگ دەستبەسەربوونی کاتی و لە حاڵێکدا کە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆیی لێ زەوت کرابوو، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی خۆیەوە بە تۆمەتی «بەغی» و «ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستیدا» سزای لەسێدارەدان و ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدا ساڵح نیکبەخت ئەرکی پارێزەریی ئەم زیندانییە سیاسییەی گرتە ئەستۆ و تانەی لە حوکمەکە دا، هەر بۆیە دۆسیەکە بۆ پیاچوونەوە ڕەوانەی بەردەم دیوانی باڵای ئێران کرا.

لە رەشەمەی ١٤٠١دا (مارسی ٢٠٢٣) سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە لایەن لقی نۆهەمی دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەەم لقی هاوتەریب، واتە لقی ٣ی دادگای شۆرشی ئیسلامیی ورمێ.

حاتەم ئوزدەمیر لە چەندساڵ لەمەوپێشەوە نەخۆشیی بەردی گورچیلەی لەگەڵە و سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکان و ئەنجامدانی سینۆگرافی بۆ نەشتەرگەری، تا ئێستایش لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.