بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، حاتەم ئوزدەمیر، زیندانیی سیاسیی کورد کە ڕۆژی ٢ی پووشپەڕ (٢٣ی ژوەن) لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی خۆی، ڕۆژی ڕابردوو سەرلەنوێ گەڕێنراوەتەوە بۆ ئەم زیندانە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی خۆی خرابووە ژێر لێپرسینەوە و لێپرسەوە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لێ کردووە کە ئەگەر هاوکاریی دامودەزگا ئەمنییەکان نەکات، ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا دەکرێتەوە.

حاتەم ئوزدەمیر لە چەندساڵ لەمەوپێشەوە نەخۆشیی بەردی گورچیلەی لەگەڵە و سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکان و ئەنجامدانی سینۆگرافی بۆ نەشتەرگەری، تا ئێستایش لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.

حاتەم ئوزدەمیر، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تورکیا، ئێوارەی ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٨ (٢ی جولایی ٢٠١٩) لەگەڵ گرووپێکی چەندکەسی لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای «حەمزەی سەیدولشوهەدا»ی سپای پاسدارانی ورمێوە. ناوچەکە کەوتبووە بەر گوللەباران و تۆپبارانی ئەو هێزانە و حاتەم ئۆزدەمیر بە برینداری لەسەر خۆ چووبوو و دوای دەستبەسەرکران گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ. ئوزدەمیر لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژدا (١٩ی ئاگۆست) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢٢) دوای ٣٣ مانگ دەستبەسەربوونی کاتی و لە حاڵێکدا کە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆیی لێ زەوت کرابوو، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی خۆیەوە بە تۆمەتی «بەغی» و «ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستیدا» سزای لەسێدارەدان و ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدا ساڵح نیکبەخت ئەرکی پارێزەریی ئەم زیندانییە سیاسییەی گرتە ئەستۆ و تانەی لە حوکمەکە دا، هەر بۆیە دۆسیەکە بۆ پیاچوونەوە ڕەوانەی بەردەم دیوانی باڵای ئێران کرا.

لە رەشەمەی ١٤٠١دا (مارسی ٢٠٢٣) سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە لایەن لقی نۆهەمی دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکەی بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردراوەتە بەردەەم لقی هاوتەریبی دادگای شۆرشی ئیسلامیی ورمێ.