ئەنوەر چالشی، زیندانیی سیاسیی کورد کە تووشی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە بووە و لەم حەفتانەی دواییدا بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستییەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ، بە هۆی ڕێگریکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە پێدانی مۆڵەتی پشووی دەرمانی، تا ئێستایش بەبێ ئەوەی ڕەوتی وەرگرتنی چارەسەر و دەرمانکردنی دەست پێ بکات بە کەلەبچە و پێبەندەوە لەو نەخۆشخانەیەدا ڕاگیراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بارودۆخی ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەنوەر چالشی لە زینداندا تووشی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە بووە و بە هۆی پەرەسەندنی نەخۆشییەکەوە ئێستە لە دۆخێکی دژوار و نیگەرانکەردایە. سەرەڕای بۆچوونی پزیشکیی داد کە بە شێوەی فەرمی ڕایگەیاندووە ئەنوەر چالشی توانانی مانەوەی لە زینداندا نییە، بەڵام بە هۆی ڕێگریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکانەوە لە مافی ئازادیی مەرجدار و مۆڵەتی پشووی دەرمانی بێبەش کراوە».

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد کە ئەم زیندانییە سیاسییە نزیکەی ٤ حەفتە لەمەوپێش بە هۆی خراپبوون و تێکچوونی باری جەستەییەوە لە بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ورمێوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینیی ئەم شارە کرا، بەڵام بە هۆی هەژاری و نەبوونی توانای داراییەوە نەیتوانیوە پرۆسەی دەرمان دەست پێ بکات و لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو و بە کەلەبچە و پێبەندەوە لە نەخۆشخانەدا ڕاگیراوە.

ئەنوەر چالشی، هاووڵاتیی ٥٠ ساڵانی خەڵکی ورمێ، ڕۆژی ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٩ (٢ی دیسامبەری ٢٠٢٠) لەگەڵ هاووڵاتییەکی تردا بە ناوی کەمال سەیدان مەسکەن لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سەربازگەی ئەلمەهدیی ورمێ. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کۆتایی هەمان ساڵدا (مارسی ٢٠٢١) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕەزبەری ١٤٠٠دا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەنوەر چالشی لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا تەنها یەک جار مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ دراوە.