بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوێنێ و ئەمڕۆ دادگای لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی گوڵاڵە وەتەندووست، پارێزەری یاسایی و ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی مافەکانی ژنان، لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەدا بەڕێوە چووە.

دادگای گوڵاڵە وەتەندووست دوێنێ سێشەممە ٢١ی خەرمانان (١٢ی سێپتامبەر) بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت لە فەزای ئینتەرنێتدا»، «پێکهێنان یان بەڕێوەبردن یان ئەندامبوون لە گرووپ و کۆمەڵی نایاساییدا بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» و «ئەندامبوون لە گرووپی دژبەری حکومەتدا» لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بەڕێوە چووە.

دوایین کۆبوونەوەی دادگای ژینا مودەڕیس گورجییش ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی خەرمانان (١٣ی سێپتامبەر) بە تۆمەتی «پێکهێنانی گرووپ و کۆمەڵی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەت» و «ئەندامبوون لە گرووپەکانی ناوخۆی وڵاتدا بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بەڕێوە چووە. لە کۆبوونەوەکەدا ئەم چالاکەی مافەکانی ژنان و پارێزەرەکانی لە بەرانبەر تۆمەتەکاندا بەرگرییان لە پارێزوانەکەیان کردووە.

گوڵاڵە وەتەندووست لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان ئازادی و لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ٢٧ی ڕەزبەر (١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ژینا مودەڕیس گورجی لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان ئازادیدا دوو جار لە ڕۆژانی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ و ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢دا (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٢ و ١٠ی ئاوریلی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا. ئەم چالاکوانەی بواری مافەکانی ژنان یەکەم جار دوای ٤٠ ڕۆژ و دووهەم جار دوای ٨٤ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.