پەیمان میرزازادە

گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی گەنگەچینی ورمێ

دەستبەسەرکران: ٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ / ٢٠١٩.٠٢.٢١

تۆمەت: هەوڵدان بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، بێڕێزیکردنی بە پیرۆزییەکان و شکاندنی نەریتەکان

سزا: ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران و ١٠٠ قامچی

ڕەوش: بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ

پەیمان میرزازادە ڕۆژی ٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٣ / ٢٠١٩.٠٢.٢١ لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ورمێوە دەستبەسەرکرا و پاش ٤ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە. ناوبراو ڕۆژی ١١ی ڕەشەمە / ٢٠١٩.٠٢.٣٠ بە بەهانەی گۆڕینی بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ بڕیاری بارمتە بۆ لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ گوازرایەوە، بەڵام هەر ئەو ڕۆژە دانیشتنی دادگاکەی بەبێ پارێزەر بەڕێوەچوو.

پاش ماوەیەکی کورت بە تۆمەتی “هەوڵدانی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” سزای ٢ ساڵ بەندکران و قەدەغەکردنی تاهەتایی گۆرانیبێژیی پێ ڕاگەیەندرا. ئەو سزایە بەهۆی تانە لێنەدان و بەگوێرەی یاسای “ڕەزامەندبوون بە بڕیار” بە ساڵێک و ٨ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٩٨ / ٢٠١٩.٠٦.١٠ لە دۆسییەکی دیکەدا و بە تۆمەتی “بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان” لەلایەن لقی ١١٠ی دادگای گشتیی ورمێوە بە ٢ ساڵ بەندکران سزادرا.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٦ی گەلاوێژی ٩٨ / ٢٠١٩.٠٧.٢٨ بۆ لقی ٤ی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ورمێ گوازرایەوە ١٠٠ قامچیی لێدرا، هەر ئەو ڕۆژە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە جێبەجێکردنی سزای قامچی مانی لە خواردن گرت.

میرزازادە تا کاتی جێبەجێکردنی ئەو سزایە بێئاگابوو لەوەی کەی سزای قامچی لەدژی دەرکراوە، بەس پێش لێدانی قامچی بەشێوەی زارەکی پێیان ڕاگەیاندبوو کە ئەو سزایە بەتۆمەتگەلی “خواردەوەی مەشروب” و “شکاندنی نەریتەکان” لەڕێگەی گۆرانی وتن لە میوانییەکاندا لەدژی دەرکراوە.

جێگەی ئاماژەیە کە ئەو گۆرانیبێژە کوردە لەو جەژنانەی بەشداریی تێدا کردوون سرود و گۆرانی شۆڕشگێڕانەی کوردی وتووەتەوە. هێزە ئەمنییەکانیش پاش ئەوەی دەستیان گەیشتووەتە مۆبایلەکەی ڤیدیۆی ئەو جەژنانەی بینیوە و وەک بەڵگە بۆ سەلماندنی تۆمەتەکان هەڵبەستراوەکان پێشکەشی دادگایان کردووە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژدا / ٢٠١٩.٠٨.٠٢ بەبڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک جێبەجێکردنی سزای قامچی لەدژی پەیمان میرزازادەی شەرمەزارکرد و داوای کرد کە ئەو هونەرمەندە کوردە بە زووترین کات ئازادبکرێت. میرزازادە هەر ئەو ڕۆژە لەسەر داواکاریی هاوبەندییەکانی و بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانە بۆ بەدوواداچوونی دۆسییە تازەکەی کۆتایی بە مانگرتن هێنا.

پەیمان میرزازادە پێشتر لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٦ / ٢٠١٨.٠١ بەهۆی وتنەوەی سرودی شۆڕشگێڕانە دەستبەسەرکرا و لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێوە بە تۆمەتی “بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی” بە ٦ مانگ بەندکران سزادرابوو. ناوبراو پاش تێپەڕکردنی سزاکەی لە مانگی جۆزەردانی ١٣٩٧ / ٢٠١٨.٠٦ لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ئازادکرابوو.

ئەو هونەرمەندە کوردە لە ئێستادا لە بەندی دەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدا سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانەکەی تێپەڕدەکات.