سامان یاسین، گۆرانیبێژی ڕەپی خەڵکی کرماشان، لەگەڵ ١٢ زیندانیی سیاسیی دیکەدا بە ناوەکانی سەعید ماسووری، لوقمان ئەمین‌پوور، جەعفەر ئیبراهیمی، ئەفشین بایمانی، سێپێهر ئیمام‌‌جومعه، محەممەد شافیعی، مەسعوودڕەزا ئیبراهیمی‌نژاد، حەمزه سەواری، کامیار فەکوور، ئەحمەدڕەزا حائیری، ڕەزا سەلمانزاده و زرتوشت ئەحمەدیی‌ڕاغب بە نیشانەی ناڕەزایی لە ئاست گواستنەوەیاندا بۆ زیندانی قزلحەساری کەرەج و دۆخی سەختی شوێنی ڕاگرتنەکەیان، لە ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خەرمانانەوە (٣ی سێپتامبەر) مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم ١٣ بەندکراوە ڕۆژی ١٢ی خەرمانان (٣ی سێپتامبەر) بە شێوەی کتوپڕ و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، لە زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوون و ئێستە لە ژوورێکی ١٢ مەتریی بەندی ئەمنی یەکەی ٣ی ئەم زیندانە و لە دۆخێکی سەختتدا و دوور لە پێداویستیی سەرەتایی وەک ئاوی گەرم و تەلەفۆن ڕاگیراون.

لە نێو ئەم زیندانیانەدا، ئەفشین بایمانی، سەعید ماسووری، لوقمان ئەمین‌پوور، سامان یاسین، محەممەد شافیعی و حەمزه سەواری پێش ئەم گواستنەوەیە لە ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژدا (٢ی ئاگۆست) لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە ڕەوانەی بەندی ٨ی زیندانی ئێڤین کرابوون.