ئەرسەلان خودکام، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە بەندکرانی هەتاهەتایی لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا، بە هۆی بێبەشکرانەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، مەترسیی نابینابوونی چاوێکی لە ئارادایە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە کە لە پێنج ساڵ و نیو لەمەوپێشەوە لە زینداندایە، لەم ماوەیەدا و بە هۆی دۆخی دژواری دەستبەسەری، بەندکران، ئەشکەنجەدان و هەروەها بێبەشکردنەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، تووشی چەندین نەخۆشیی جەستەیی و دەروونی بووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە حەفتەی ڕابردوو بە هۆی دابەزینی زەختەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکەی زیندان، بەڵام لەبەر لێدانی دەرزیی هەڵە، دۆخی تەندروستیی خراپتر بووە و بینایی چاوێکیشی دابەزیوە، بە شێوەیەک کە مەترسیی نابینابوونی لە ئارادایە.

بەرپرسانی زیندانی ورمێ بەم زیندانییە سیاسییەیان ڕاگەیاندووە کە دوای دابینکردنی تێچووی دەواودەرمان و دانانی بارمتەی ١١ میلیارد تمەنی و هەروەها وەرگرتنی ڕەزامەندیی داواکاری گشتی و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، دەنێردرێتە ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زیندان و نەشتەرگەریی چاوی بۆ دەکرێت.

ئەرسەلان خودکام، ٤٨ ساڵان و هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، پێشتر ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بووە کە چەندین ساڵ لەمەوپێش دوای جیابوونەوە لەو حیزبە و بە وەرگرتنی «ئەماننامە» گەڕایەوە بۆ ئێران و ساڵی ١٣٨١ (٢٠٠٢) لە سوپای پاسداراندا دەستی بە کار کرد.

ئەرسەلان خودکام لە ڕێکەوتی ٢ی گوڵانی ١٣٩٧دا (٢٣ی مەیی ٢٠١٨) بە تۆمەتی «سیخوڕی» لە بەرژەوەندیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەزگای پاراستنی زانیارییەکانی سوپاوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ٨١ی ڕەمەزانی سوپا لە پادگانی ئەلمێهدیی ورمێدا خرایە ژێر لێپرسینەوە. لێپرسەوە ئەمنییەکان بە مەبەستی زیادکردنی گوشارەکان لەسەر ئەرسەلان خودکام و وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، نەشمیل قۆیتاسیی هاوسەریشیان دەستبەسەر کرد.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ئەنجامی ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونییەکاندا ناچار بووە تۆمەتە هەڵبەستراوەکانی دەزگای پاراستنی زانیارییەکانی سوپای پاسداران لەمەڕ سیخوڕیکردن بۆ حیزبی دیمۆکراتی کوردستان قبووڵ بکات.

ئەرسەلان خودکام ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٧ (١٤ی جولایی ٢٠١٨) بەبێ ئەوەی مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری هەڵبژێرراوی پێ بدرێت، لە لقی یەکەمی دادگای سەربازیی ورمێ دادگایی کرا و هەمان ڕۆژ بە تۆمەتی «موحارەبە» و «سیخوڕی» لە بەرژەوەندیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

دوای ئەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە تانەی لەو حوکمە دا، دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی بەردەم لقی ٣٢ی دیوانی باڵای ئێران کرا، بەڵام لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی هەمان ساڵدا (١٧ی سێپتامبری ٢٠١٨) وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

دواجار ئەم حوکمە لە خاکەلێوەی ١٤٠٠دا (ئاوریلی ٢٠٢١) لە کۆمیسیۆنی لێخۆشبوون و بەخشینی دەزگای دادوەریی ئێراندا و دوای پلەیەک کەمکرنەوە، گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.