کەیهان موکەڕەم، زیندانیی سیاسیی کورد کە دوایین ساڵ لە سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی لە بەشی «زیندانی کراوە»ی ورمێدا تێدەپەڕێنێت، بە هۆی ڕێگریکردنی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە مافی «پشووی کۆتایی بەندکران» بێبەش کراوە. ئیدارەی ئیتلاعات پێشتریش داواکاریی «ئازادیی مەرجدار»ی ئەم زیندانییە سیاسییەی ڕەت کردبووەوە. ئەم دەزگا ئەمنییە گوشاری خستبووە سەر کەیهان موکەڕەم و بنەماڵەکەی و ڕایگەیاندبوو کە تەنها بە مەرجی هاوکاریکردن لەگەڵ لێپرسەوە ئەمنییەکاندا ڕەزامەندی بۆ پێدانی هەرچەشنە ئازادییەک پێش تەواوبوونی ماوەی سزاکەی ڕادەگەیەنێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کەیهان موکەڕەم لە بەشی داخراوی زیندانی ناوەندیی ورمێوە براوەتە بەشی زیندانی کراوە، بەڵام سەرەڕای ڕەزامەندیی بەرپرسانی زیندان بۆ ئازادکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە پێش وادەی تەواوکردنی سزاکە بەپێی یاسا پێوەندیدارەکانی ئێران، دامودەزگا ئەمنییەکان ڕێگرییان لە پێدانی ئەم مافە یاساییانە بە کەیهان موکەڕەم کردووە.

ئیدارەی ئیتلاعات لەم مانگانەی دواییدا و لە ڕێگای بانگهێشتکردنی کەیهان و بنەماڵەکەیەوە ڕایگەیاندووە کە تەنها بە مەرجێک ڕێگا بە ئازادکردنی پێشوەختەی دەدات کە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا هاوکاری بکات.

کەیهان مەکەڕەم پێشتر لە ساڵی ١٤٠٠دا (٢٠٢١) دوو جار بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی گەڵاڵەیاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکردن لەسەر دۆسیەکەی خۆی، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ مانی لە خواردن گرتبوو. دوو هاودۆسیەکەی تری لە ڕێگای ئەم گەڵاڵەیاسایەوە لە زیندان ئازاد کرابوون، بەڵام تا ئێستا ئەم یاسایە بۆ دۆسیە و سزاکەی ئەو جێبەجێ نەکراوە.

کەیهان موکەڕەم لە ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٨دا (٨ی جولایی ٢٠١٩) لەگەڵ سابیر کەمالی و کامران کەمانی لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە لە گوندی «ئەنبێ»ی سەر بە ورمێ دەستبەسەر کرا و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە خەرمانانی ١٣٩٨دا (سێپتامبەری ٢٠١٩) لەگەڵ دوو هاودۆسیەکەی تریدا لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو بە تۆمەتی «هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادای کوردستان (پژاک)» سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم سزایە دوای تانەلێدان، لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و لە بەفرانباری ١٣٩٨دا (ژانڤییەی ٢٠٢٠) بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکە ڕەوانەی زیندان کرا.

کەیهان موکەڕەم لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) دوابەدوای تێکهەڵچوونێک لە نێوان چەند زیندانییەکی سیاسی و زیندانیانی تاوانە ئاساییەکاندا، لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ورمێ و لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی تردا بە ناوەکانی نایب عەسکەری و نایب حاجیزادە، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامە حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن زیندانیانی تاوانە ئاساییەکانەوە ڕووی دابوو کە ببووە مایەی ناڕەزایەتی و پەرچەکرداری زیندانییە سیاسییەکانی تری زیندانی ناوەندیی ورمێ.