شاهین گەلەدار، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی «هەکی»ی شاری ورمێ کە لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارەدا سزای ٢ ساڵ بەندکرانی تێدەپەڕاند، بە هۆی گوشار و ئەشکەنجەی لێپرسەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستی دایە خۆکوشتن و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی ڕەشەمە (٢٦ی فێبرییە) ئەم زیندانییە سیاسییە لە بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ناوەندیی ورمێدا خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لە کاتی گواستنەوەی تەرمی ئەم زیندانییە سیاسییەدا بۆ نەخۆشخانەکەی زیندان، یەحیا سوڵتانی و حەمیدعەلی حیکمەتی، بەرپرس و یاریدەری ئەم بەندە، پەلاماری زیندانییە سیاسییەکانیان داوە و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردوون.

دەوترێت شاهین گەلەدار لەم حەفتانەی دواییدا چەندین جار ڕەوانەی نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات لە زینداندا و هەروەها دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو و لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە خرابووە ژێر گوشار و ئەشکەنجەوە تاکوو لەگەڵ ئەم دەزگا ئەمنییەدا هاوکاری بکات. لێپرسەوە ئەمنییەکان بە مەبەستی بێڕێزیکردن بەم زیندانییە سیاسییە سمێڵیان تاشیبوو. هاوکات لەم مانگانەی ڕابردوودا هەندێ لە ئەندامانی بنەماڵەکەیشی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کرابوو.

بنەماڵە و خزمانی شاهین گەلەداری دوای ئاگاداربوونەوە لە گیانلەدەستدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە بەردەم زیندانی ناوەندیی ورمێدا کۆ بوونەوە. تەرمی شاهین گوازراوەتەوە بۆ پزیشکیی دادی ورمێ و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

شاهین گەلەدار، ٥٠ ساڵان و خەڵکی گوندی «هەکی»ی شاری ورمێ، لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٧دا (٢٨ی فێبرییەی ٢٠١٩) دەستبەسەر کرا و دوای ٥ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە و دوای ماوەیەکیش بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پ‌ک‌ک) سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەم حوکمە لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا گۆڕدرا بۆ ٢ ساڵ بەندکران و لە ڕەشەمەی ١٤٠١دا (فێبرییەی ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراو، لەوانە زیندانیانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە دووتوێی نامەیەکی سەرئاوەڵادا نیگەرانییان لە پەرەسەندنی ڕێژەی خۆکوشتنی بەندکراوان بە هۆی گوشاری بەرپرسانی زنیدانەوە دەربڕیبوو و داوایان کردبوو پەیمان خانزادە، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە، لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە.

زیندانییەکان لە نامەکەیاندا وتبوویان: «ژمارەیەک لە بەندکراوان لە چەند مانگی ڕابردوودا و بە هۆی گوشارەکان و دۆخی دژواری مانەوە لە بەندە جیاوازەکانی زینداندا، هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و چەند مانگ جارێک تەرمی زیندانییەک ڕادەستی بنەماڵەیەکی ئازیەتبار دەکرێتەوە. هەموو جارێکیش لەبەر زەخت و گوشارەکان هیچ هەواڵێک لەسەر خۆکوشتنەکان ناگاتە ئەودیوی دیوارەکانی زیندان. هەر ئێستا زیاتر لە ١٠ بەندکراو کە لە ناو زیندانی ناوەندیی ورمێدا هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، گوازراونەتەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان».