کامران شێخە، زیندانیی مەزهەبیی کوردی مەحکووم بە لەسێدارەدان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە لە زیندانی مەهابادەوە گوازراوەتەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ورمێ و بەرپرسانی ئەم زیندانە بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە بەرەبەیانی سبەینێ پێنجشەممە ٤ی گەلاوێژ (٢٥ی جولای) لە سێدارە دەدرێت.

لە چەند مانگی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی شەش بەندکراوی دیکەی ئەم دۆسیەیە بە ناوەکانی قاسم ئابستە،  ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژ (٢٤ی جولای) ئەم بەندکراوە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە زیندانی مەهابادەوە گوازرایەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ و بەرپرسانی زیندان ڕایانگەیاندووە کە بەرەبەیانی سبەینێ لە سێدارە دەدرێت.

دەوترێت دوای گواستنەوەی کامران شێخە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، بنەماڵەکەی توانیویانە دوادیداری لەگەڵدا بکەن. ئەم بەندکراوە ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان (١ی ژوەن) بە هۆکاری نادیار لە زیندانی قزلحەساری کەرەجەوە ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرابوو.

کامران شێخە، هاووڵاتیی ٣٩ ساڵانی خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٨٨ (٧ی دیسامبەری ٢٠٠٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی ٨ مانگ لەو دەستبەسەرگەیەدا بە تۆمەتی «موحارەبە» خرایە بەر لێپرسینەوە و پاشان ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا. لەم زیندانەیشدا بۆ ماوەی ٦ مانگ لە بەندەکانی ٢٤٠ و ٢٠٩دا لێپرسینەوەی لێ کرا و ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١دا (٤ مارسی ٢٠١٢) گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا (مارسی ٢٠١٦) کامران شێخە لەگەڵ هەر شەش هاودۆسیەکەی دیکەیدا، قاسم ئابستە،  ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت بە هەندێ تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت»، «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» و «افساد فی‌الارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە دادگایی کران.

ئەم دادگایە ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ (٢٥ی مەیی ٢٠١٦) بە فەرمی پێی ڕاگەیاندن کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕازینی و لە کۆتایی ١٣٩٥دا (٢٠١٧) حوکمەکە هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەم دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران.

لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا (مەیی ٢٠١٨) جارێکی تر بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانی بەسەر کامران شێخە و هاودۆسیەکانیدا سەپاندەوە. ئەم جارە دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە و بە گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران سزاکەی وەک خۆی پەسەند کردەوە و لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٨دا (٣ی فێبرییەی ٢٠٢٠) بڕیارەکە بە شێوەی فەرمی بە پارێزەرەکەیان، مەحموود عەلیزادەی تەباتەبایی، ڕاگەیەنرا.

هەروەها کامران شێخە لەگەڵ دوو هاودۆسیەی دیکەیدا بە ناوەکانی ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٦دا (١٩ی سێپتامبەری ٢٠١٧) بە مەبەستی دادگاییکردن بە تۆمەتی «کوشتنی سەربازێک لە مەهاباد» لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. دادگای ئەم سێ کەسە لە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٧دا (٣٠ی ژوەنی ٢٠١٨) لە لقی ١٢ی دادگای پیاچوونەوەی ورمێ بەڕێوە چوو. لەم دادگایەدا کامران شێخە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای «قەساسی نەفس»ی بەسەردا سەپا.

دوای تانەدان لەو سزایە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و لە ڕێبەندانی ١٣٩٧دا (ژانڤییەی ٢٠١٨) بەپێی مادەی ٤٦٩ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری، لە لایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵاوە هەڵوەشایەوە و جارێکی تر نێردرایەوە بەردەم یەکەم دادگای بڕیاردەر.

لە گەڵاڕێزانی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لقێکی دیکەی دادگای کەیفەریی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا تەنها بەپێی ڕێسای «عیلم و تێگەیشتنی دادوەر» جارێکی تر سزای «قەساسی نەفس»ی بەسەر ئەم زیندانییە مەزهەبییەدا سەپاندەوە.

کامران شێخە لە گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢دا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای داخستن و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، لەگەڵ هەر شەش هاودۆسیەکەی دیکەیدا گوازرایەوە بۆ زیندانی قزلحەسار.