دوابەدوای بڵاوبوونەوەی نامەی سەرئاوەڵای زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراوی زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ دوورخستنەوەی پەیمان خانزادەی سەرۆکی ئەم زیندانە لە پۆستەکەی و هەروەها بڵاوبوونەوەی هەواڵی خۆکوشتن و گیانلەدەستدانی زیندانیی سیاسیی کورد شاهین گەلەداری لە بەندی سیاسیی زیندانی ورمێدا، هێزەکانی گاردی زیندان ئەمڕۆ ٩ی ڕەشەمە (٢٨ی فێبرییە) بە فەرمانی پەیمان خانزادە هێرشیان کردووەتە سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی ئەم زیندانە و وێڕای شێواندنی کەلوپەلی بەندکراوان، پەلاماری ژمارەیەک لە زیندانییەکانیان داوە. هاوکات لەگەڵ هێرشکردنی هێزەکانی گاردی زینداندا، دوو زیندانیی کورد بە ناوەکانی حەسەن عومەرپوور و ئەشکان عوسماننژاد ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەر داوە و لە لای قاچەوە سووتاون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ٩ی ڕەشەمە (٢٨ی فێبرییە) بە فەرمانی پەیمان خانزادە، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ و بە سەرپەرشتیی یەحیا سوڵتانی، سەرۆکی بەند، هێرش کراوەتە سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی و پەلاماری زیندانییەکان دراوە و کەلوپەلەکانیان شێوێنراوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لەم هێرش و پەلامارەی گاردی زینداندا لانیکەم ٥ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی لە لای سەرەوە بریندار بوون و دوو زیندانیی کوردیش بە ناوەکانی حەسەن عومەرپوور و ئەشکان عوسماننژاد کە پێشتر بە تۆمەتی «سیخۆڕی بۆ ئیسراییل» سزای ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو، وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر حوکمی نادادپەروەرانەی خۆیان و لەسێدارەدانی چوار هاودۆسیەی دیکەیان و گوشاری سەر زیندانیانی ئەم بەندەدا، ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەر داوە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «دوای هێرشەکەی گاردی زیندان و ئامادەبوونی پەیمان خانزادە لە بەندەکەدا، حەسەن عومەرپوور و ئەشکان عوسماننژاد زەیتیان بەسەر بەتانییەکانیاندا کردووە و ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەر داوە، بەڵام سەرۆکی زیندان تەنها سەیری کردووە و نەیهێشتووە هیچ کەسێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە یارمەتییان بدات».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەرەڕای ئەوەی قاچی ئەم بەندکراوانە سووتاوە، سەرۆکی زیندان ڕووی لە زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکان کردووە و وتوویەتی: «هیچ ترسێکم لە ڕێکخراوە جیهانییەکان و تەنانەت لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش نییە و لەمەوبەدوایش هەرچیم بوێ بەسەر زیندانییەکانی ئەم بەندەدا دەیهێنم».

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوای هێرشەکەی گاردی زیندان و خۆسووتاندنی حەسەن عومەرپوور و ئەشکان عوسماننژاد، دەرگای بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی داخراوە و ئەو دوو بەندکراوەیش سەرەڕای سووتان و برینداربوونی قورسی قاچیان هەر لە بەندەکەدا ڕاگیراون و بە فەرمانی سەرۆکی زیندان نەبراونەتە نەخۆشخانە.

بەندی سەرووئەمنیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کە لە ئێستەدا ٤٢ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی تێدایە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە مەودایەکی دوورتر لە بەندەکانی تری زیندانەوە کرایەوە و هەموو پێوەندییەکانی زیندانییەکانی لەگەڵ بەندەکانی تردا قەدەغە کراوە و خراونەتە دۆخی ئیزۆلەی تەواوەوە.

لەم ڕۆژانەی دواییدا زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراوی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە دووتوێی نامەیەکی سەرئاوەڵادا نیگەرانییان لە پەرەسەندنی ڕێژەی خۆکوشتنی بەندکراوان بە هۆی گوشاری بەرپرسانی زیندانەوە دەربڕیبوو و داوایان کردبوو پەیمان خانزادە، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە، لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە.

زیندانییەکان لە نامەکەیاندا وتبوویان: «ژمارەیەک لە بەندکراوان لە چەند مانگی ڕابردوودا و بە هۆی گوشارەکان و دۆخی دژواری مانەوە لە بەندە جیاوازەکانی زینداندا، هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و چەند مانگ جارێک تەرمی زیندانییەک ڕادەستی بنەماڵەیەکی ئازیەتبار دەکرێتەوە. هەموو جارێکیش لەبەر زەخت و گوشارەکان هیچ هەواڵێک لەسەر خۆکوشتنەکان ناگاتە ئەودیوی دیوارەکانی زیندان. هەر ئێستا زیاتر لە ١٠ بەندکراو کە لە ناو زیندانی ناوەندیی ورمێدا هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، گوازراونەتەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان».

چەند ڕۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەم نامەیە، شاهین گەلەداری، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی «هەکی»ی شاری ورمێ کە لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارەدا سزای ٢ ساڵ بەندکرانی تێدەپەڕاند، ڕۆژی ٧ی ڕەشەمە (٢٦ی فێبرییە) بە هۆی گوشار و ئەشکەنجەی لێپرسەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستی دایە خۆکوشتن و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

وێنەیەکی پەیمان خانزادە، سەرۆکی زیندانیی ناوەندیی ورمێ، لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەندی ژنانی ئەم زیندانەدا