نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەوانی کوردی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران کە ڕۆژی ٨ی خەرمانان (٣٠ی ئاگۆست) بۆ چوارەم جار لە دوای دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادییەوە لە یەک ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوو، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە زیندانی ئێڤینەوە وتوویەتی کە لە کاتی دەستبەسەرکردندا کەتووەتە بەر دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژیی جەستەیی هێزە ئەمنییەکانەوە.

نازیلا مەعرووفیان کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خەرمانان (٣٠ی ئاگۆست) لە هێرشی توندوتیژیئامێزی هێزە ئەمنییەکاندا بۆ سەر ماڵەکەی لە تاران دەستبەسەر کرا، لە فایلی دەنگیی پێوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە لێدان و ئەشکەنجەکران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کاتی دەستبەسەرکردندا، دەڵێت: «لە کاتێکدا کە لە خراپترین دۆخی مومکیندا بووم دەستدرێژیی سێکسیم کرایە سەر».

ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە کە دوابەدوای دەستبەسەرکردنی دووبارە مانی لە خواردن گرتووە، لە پێوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا ڕایگەیاندووە کە مانگرتنەکەی دەربڕینی ناڕەزاییە لە ئاست دۆخی خۆی و هەموو ئەو ژنانەدا کە لە کەلانتەرییەکان (بنکەکانی پۆلیس)، دەستبەسەرگەکان، دادسەراکان و… دەکەونە بەر توندوتیژییەوە.

بنەماڵەی نازیلا مەعرووفیان کە لەم ڕۆژانەی دواییدا توانیویانە لە زیندانی ئێڤین دیداری لەگەڵدا بکەن، ڕایانگەیاندووە کە ئاسەواری شینبوونەوە لە ئەنجامی لێدان و ئەشکەنجەکردنی کاتی دەستبەسەرکردندا لەسەر جەستەی هێشتا ماوەتەوە و دیارە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە هۆی برینداربوونەوە لە ئەنجامی ئەم لێدان و ئەشکەنجەکردنەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی خەرمانان (٣١ی ئاگۆست) بۆ چەند کاتژمێرێک لە زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەک لە تاران کراوە و پاشان گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو بەندی ژنان.

دوای دەستبەسەرکردنی دووبارەی نازیلا مەعرووفیان، هەواڵنێریی تەسنیم کە سەر بە سوپای پاسدارانە، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک سەبارەت بە دەستبەسەرکردنەکەی ڕایگەیاندبوو: «نازیلا مەعرووفیان، چالاکی ڕاگەیاندنکار، بە دەستووری دادسەرای ئێرشاد (ئاسایشی ئەخلاقی) بە تۆمەتی «پەرەدان بە خراپەکاری» دەستبەسەر کرا. ئامادەبوون بە جلوبەرگی نەگونجاوەوە لە شوێنی گشتیدا و بڵاوکردنەوەی ئەم دیمەنانە لە ئینتەرنێتدا لە ڕیزی هۆکارەکانی دەرکردنی حوکمەکەی دادسەرای ئێرشاددایە».

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە کە ڕۆژی ١٢ی خەرمانان (٣ی سێپتامبر) لە سێهەم ڕۆژی مانگرتن لە خواردندا لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە براوەتە بەردەم لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران و بە شێوەی فەرمی پێ ڕاگەیەنراوە کە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ» سزای ساڵێک بەندکران و ١٥ میلیۆن تمەن غەرامەی پارەی بەسەردا سەپاوە.

ئەم حوکمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆسیەیە کە دوو مانگ لەمەوپێش دژ بەم ڕۆژنامەوانە کرابووەوە و دەوترێت دۆسیەیەکی تریش دژ بەم ڕۆژنامەوانە لە دادسەرای ئەمنییەتی ئێڤین لە حاڵی لێکۆڵینەوەدایە.

لە چەند حەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات چەندین جار لە ڕێی پێوەندیی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەیان لێ کردبوو کە لەبەر درێژەدان بە چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دیسان دەستبەسەری دەکەنەوە.

نازیلا مەعرووفیان لە ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژدا (١٤ی ئاگۆست) دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دوای ئازادبوونی کاتی لە زیندان، لەبەر «بڵاوکردنەوەی وێنەی بەبێ لەچکی زۆرەملێ و بەرزکردنەوەی دەستی وەک هێمای سەرکەوتن» بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین. ئەم ڕۆژنامەوانە دوای ٢ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

پێش ئەوە و لە ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕدا (٤ی جولای) هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکەی لە تاراندا و دەستیان گرتبوو بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە کەسییەکانی و لەوانە مۆبایل و لەبتۆبەکەیدا. هێزە ئەمنییەکان هەروەها داوایان لێ کردووە ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕ (٨ی جولای) سەردانی دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین بکات.

نازیلا مەعرووفیان ڕۆژی ١٧ی پووشپەڕ (٨ی جولای) دوای سەردانکردنی دادسەرای ئێڤین دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران. ئەم ڕۆژنامەوانە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئەڤین و لە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕدا (١٤ی جولای) بە بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. هەروەها لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەرداندا (٢٠ی ژوەن) هێزە ئەمنییەکان لە چوارڕیانی وەلیعەسری تاران پەلاماریان دابوو و بەسەر جادەکەدا ڕایانکێشابوو.

نازیلا مەعرووفیان لەبەر بڵاوکردنەوەی وتووێژەکانی لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینیدا لە سایتی «مستقل آنلاین» لە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (٣٠ی سێپتامبری ٢٠٢٢) بە دەستووری دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین دەستبەسەر کرا و بە درێژایی ماوەی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەدا، لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەی قورس و فراوانەوە.

ئەم ڕۆژنامەوانە لە کاتی دەستبەسەربووندا و هەر لەبەر ئەم گوشارانە دوو جار جەڵدەی سووکی دڵی کرد و سەرەڕای هەناردنی بۆ نەخۆشخانەی موفەتیحی شاری ڕەی، بەڵام بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان گەڕاندبوویانەوە بۆ ناو زیندان. دواجار لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباردا (٩ی ژانڤییە) بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی قەرچەک ئازاد کرا.

نازیلا مەعرووفیان لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەفشاری، بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» و «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی» لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی وتووێژەوە لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینیدا، سزای دوو ساڵ بەندکران، ١٥ میلیۆن تمەن غەرامە و پێنج ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپا. لە دادنامەکەدا سزای ٢ ساڵ بەندکرانەکە بۆ ماوەی ٥ ساڵ هەڵپەسێردراوە.