پاش لەسێدارەدانی ”مستەفا سەلیمی” لە ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، فاتمە کەریمی بەرپرسی تۆڕی مافەکانی مرۆڤیی کوردستان لە نامەیەکدا کە ئاراستەی رومیۆ حزیران نیسان بەرپرسی لیژنەی کاروبارە کۆمەڵایەتییەکان و داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کراوە، نیگەرانی و ناڕەزایەتی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە ڕادەست کردن یان وەدەرنانی مستەفا سەلیمی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. فاتمە کەریمی لەم نامەیەدا وێڕای ئاماژەکردن بە ڕاگەیاندنی پێکهێنانی لیژنەی بەدواداچوون لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، داوای لە رومیۆ حزیران نیسان کردووە تا لەئەگەری سەلماندنی ئەو کردەوەیە، هێزە خەتابارەکانی ئاسایش بخرێنە بەر پشکنینی یاسایی و ڕادەستی دادگە بکرێن و سزا بدرێن.

لە بەشێکی‌تری نامەکەدا هاتووە: ”مستەفا سەلیمی چ بەشێوەی فەرمی ڕادەستی ئێران کرابێتەوە یان تەنیا وەدەرنابێت، هیچ لە دەرەنجامەکەی ناگۆڕێت کە لەسێدارەدانی ئەوی لێکەوتەوە”.  بەرپرسی تۆڕی مافەکانی مرۆڤیی کوردستان وێڕای ئاماژەدان بە یاساکانی تایبەت بە مافی پەنابەرێتی، گەڕاندنەوە و ڕادەستی کردنی تاوانبار و گرێبەستی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبە کوردییەکانی ئێران (نیشتەجێی لە باشووری کوردستاندا)، داوای کردووە هەندێ ڕێکار بگیرێتە بەر لەپێناو بەهێزکردنی سیستەمی یاسادانان تا لە داهاتوودا پێش بگیرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم هەڵسوکەوتە لەگەڵ پەناخوازانی کورد و ئێرانی.

مستەفا سەلیمی، هاوڵاتییەکی کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پاش ١٧ ساڵ مانەوە لە زیندان، لە ڕێکەوتی ٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی، توانی لەگەڵ چەند بەندکراوی‌تر لە زیندانی سەقز هەڵبێت. بنەماڵەکەی دەڵێن ناوبراو چەند ڕۆژ پاش هەڵاتن، ئاودیوی خاکی هەرێمی کوردستان بووە بەڵام لەلایەن هێزی ئاسایشی شارۆچکەی پێنجوێن دەستبەسەر کراوە و پاشان ڕادەستی ئێران کراوەتەوە. 

دەقی تەواوی نامەکە کە بۆ ”رومیۆ حزیران نیسان” کۆمیسیۆنی کاروبارە کۆمەڵایەتییەکان و داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان:

بەڕێز رومیۆ حزیران نیسان 

سەرۆکی لیژنه‌ى کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى لە مافی مرۆڤ

هەروا کە ئاگادارن حەوتەی ڕابردوو هاوڵاتییەکی کورد بەناوی مستەفا سەلیمی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەسێدارە درا. ئەم بەندکراوە پاش ١٧ ساڵ مانەوە لە زیندان، لە ڕێکەوتی ٢٧-٣-٢٠٢٠، توانی لەگەڵ چەند بەندکراوی‌تر لە زیندانی سەقز هەڵبێت. بنەماڵەکەی دەڵێن ناوبراو چەند ڕۆژ پاش هەڵاتن، ئاودیوی خاکی هەرێمی کوردستان بووە بەڵام لەلایەن هێزی ئاسایشی شارۆچکەی پێنجوێن دەستبەسەر کراوە و پاشان ڕادەستی ئێران کراوەتەوە.

لە حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی دەکرا هەموو ڕێکارە یاساییەکان بگرێتە بەر بۆ داڵدەدان و پاراستنی گیانی مستەفا سەلیمی، هەروەک چۆن گەلێکجار کاربەدەستانی فەرمیی هەرێم ڕایانگەیاندووە بەهۆی پایبەندبوونیان بە یاساکانی مافەکانی مرۆڤەوە پێش بە حوکمی لەسێدارەدان دەگرن و دژیەتین. هێزەکانی ئاسایش دەبوو بەگوێرەی یاسا نێونەتەوەیی و ناوخۆییەکان بجووڵنەوە و بەلەبەرچاوگرتنی مەترسیی لەسێدارەدانی مستەفا سەلیمی و بەوهۆیە کە ناوبراو بەتەما بووە داخوازیی پەنابەریی پێشکەش بکات، پاش دەستبەسەرکردن ڕادەستی یەک لە نوێنەرایەتییەکانی کۆمیساریای باڵای پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان بکرابا یان ئەگەر هەر سوور بوون لەسەر ئەو هەڵسوکەوتە، دەبوایە لە چوارچێوەی یاسای ڕادەستکردنی تاوانباران مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسە بکرێت، واتە پاش وەرگرتنی داخوازی فەرمیی حکومەتی ئێران، دادگەی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە بڕیاری دەرکردبا. شیاوی ئاماژەیە کە بەپێی گرێبەستەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ئێران (نیشتەجێی لە هەرێمی کوردستان) لەسەر پێدانی مافی مانەوە و پاراستنی ئەندامەکانی ئەو حیزبانە، کەیسی مستەفا سەلیمی بەلەبەرچاوگرتنی پێشینەی ئەندامێتی ناوبراو لە حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، دەبوو لەگەڵ ئەو حیزبە ڕاوێژ کرابا و ئاگاداریان کرابانەوە.

مستەفا سەلیمی چ بەشێوەی فەرمی ڕادەستی ئێران کرابێتەوە یان تەنیا وەدەرنابێت، هیچ لە دەرەنجامەکەی ناگۆڕێت کە لەسێدارەدانی ئەوی لێکەوتەوە. وەکوو تۆڕی مافەکانی مرۆڤیی کوردستان کە ڕێکخراوێکی چالاکی ناحکومییە بۆ بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران ، داواکارین بەپێی ئەو ڕاگەیاندنە لەسەر پێکهێنانی لیژنەی بەدواداچوون بۆ کەیسی مستەفا سەلیمی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە چوارچێوەی ئەرکە یاساییەکان و دەروەستبوون بە مافەکانی مرۆڤ، بابەتی دەستبەسەر کردن، ڕادەستکردنەوە یان دەرکردنی مستەفا سەلیمی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی پێنجوێنەوە، بەدواداچوونی بۆ بکرێت تا لەئەگەری سەلماندنی ئەو کردەوەیە، هێزە خەتابارەکانی ئاسایش بخرێنە بەر پشکنینی یاسایی و ڕادەستی دادگە بکرێن و سزا بدرێن. چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ چاوەڕوانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن وێڕای ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی کۆمیتەی بەدواداچوون، هەندێ ڕێکار بگرنە بەر لەپێناو بەهێزکردنی سیستەمی یاسادانان تا لە داهاتوودا پێش بگیرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم هەڵسوکەوتە لەگەڵ پەناخوازانی کورد و ئێرانی.

فاتمە کەریمی، بەرپرسی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان

هەروەها نێدراوە بۆ زیا پترۆس، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی هەرێمی کوردستان

رۆمیۆ حزیران نیسان لە وەڵامی نامەی مودیری تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای هاودەردی بۆ لەسێدارەدانی مستەفا سەلیمی و بە ئاماژەدان بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە نووسی: “ئێمە وەکوو لیژنەی کارووباری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان پشتگیری لە پێکهێنانی ئەم لیژنەیە دەکەین و هاوکات بەدەم کارەکانیانەوە رێکارەکانیانەوە دەڕۆین.”

دەقی تەواوی نامەکە:

بەڕێز فاتمە کەریمی، بەرپرسی تۆڕی مافەکانی مرۆڤیی کوردستان

دوای ڕێز و سڵاومان

نووسراوەکەتانمان بە دەست گەیشت، ئێمە وێڕای هاوخەمی زۆرمان بۆ لەسێدارەدانی مستەفا سەلیمی بەو شێوەیە، بەڵام لە هەمانکاتدا وەک ئاگادارن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم کەیسە و هیوادارین بە زووترین کات بگاتە دەرەنجامی کۆتایی تەواو کە ئێمەش پشتگیری لەم هەنگاوەمان کردووە. ئێمە وەکوو لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ و وەکوو پەرلەمانی کوردستان چاودێری هەنگاوەکانی ئەم بەدواداچوونەی لیژنە حکومیەکە دەکەین. 

لەگەڵ ڕێزماندا

ڕۆمیۆ هەکاری

سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ