زیاتر لە ٣٠٠ هاووڵاتی، ئەکادیمیسیەن، چالاکی مەدەنی و سیاسی لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ دادواکاری گشتیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوای ئازادکردنی سامان پاشاییان کردووە.

لەم نامەیەدا کە نوسخەیەکی بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە، وتراوە کە «دوکتور سامان پاشایی، ئەندامی لیژنەی زانستیی زانکۆ و پاڵەوانی وەرزشی» لە نزیکەوە دەناسن و لەسەر ئەم بنەمایە شایەتی دەدەن کە ئەم وەرزشکارە «کەسایەتییەکی زانستی، کۆمەڵایەتی، پڕکەڵکەڵە و دڵسۆز بووە بۆ هەموان و هەمیشە لە خەمی وڵات و خەڵکەکەی خۆیدا بووە».

لەم نامەیەدا هەروەها ئاماژە بەوەیش دراوە کە سامان پاشایی سەرەڕای هەبوونی ئیمکانی کۆچکردن بۆ وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکی «مانەوە و ژیانکردن لە وڵات و شارەکەی خۆیی هەڵبژاردووە و ژیانکردن لەگەڵ خەڵکی هاوزمانی خۆی نەگۆڕیوەتەوە بە هیچ شتێکی تر».

واژۆکەرانی ئەم نامەیە لە کۆتاییدا نووسیویانە کە دڵنیان سامان پاشایی «هاووڵاتییەکی ئاشتیخواز و دڵسۆز، مامۆستایەکی بەئەزموون و بەزانست، چالاکێکی کۆمەڵایەتیی پڕکەڵکەڵە و خەڵکدۆست، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و جێمتمانە بووە» و هەر بۆیە «دەستبەسەرکردنی زیاتر لە ٥٨ ڕۆژەی سامان پاشایی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە» بە دوور لە پێگەی ئەو دەزانن و داوا لە بەرپرسانی پێوەندیدار دەکەن زەمینەی ئازادکردن و ڕێزگرتن لەم سەرمایە کۆمەڵایەتی، خەڵکی و زانستییە بڕەخسێنن.

سامان پاشایی پاڵەوانی پێشووی زۆرانی تازەلاوانی جیهان، مامۆستای زانکۆ و ڕاهێنەری وەرزشی خەڵکی سەقز، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕ (٢ی جولای) لە کاتی گەڕانەوەدا لە سنەوە بۆ سەقز  بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ٢١ی گەلاوێژدا (١٢ی ئاگۆست) جارێکی تر لە لایەن لقی ٤ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەقزەوە تازە کرایەوە.

سامان پاشایی لە ماوەی دەستبەسەربووندا توانیویەتی دوو جار بە ئامادەبوونی لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییەدا لە سنە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.

دەستبەسەرکردنی ئەم وەرزشکار و مامۆستای زانکۆیە لە سەروبەندی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانەکەی ساڵی ڕابردوودا، هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیاندا کە لە شاری سەقزی زادگەی ژینا ئەمینی و شارەکانی تری کوردستاندا دەستی پێ کردووە.

سامان پاشایی، دوکتۆرای فیزیۆلۆژی، مامۆستای بەشی خۆراکی وەرزشی و فیزیۆلۆژیا لە زانکۆی ئازادی سەقز، ئەندامی ئەکادیمیای دوکتوریی وەرزش لە ئامریکا و پاڵەوانی سێهەمی زۆرانی تازەلاوانی فەرەنگیی دنیایە لە ساڵانی ڕابردوودا.

پێستر کۆمیتەی جیهانیی ئۆلەمپیک وەک پەرچەکردارێک لە ئاست دەستبەسەرکردنی سامان پاشاییدا ڕایگەیاندبوو کە «بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکات و مافی گرتنەبەری هەرچەشنە ڕێوشوێنێک دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران تا پێش دەستپێکردنی کێبەرکێی ئۆلەمپیک بە پارێزراو دەزانێت».