١٥ ڕێکخراوەی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش داوایان لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان و لەوانە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە هەنگاو و ڕێکاری پێویست بۆ کۆتاییهێنان بە ئازاردانی شایەتحاڵەکانی دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی گەڵاڕێزان و بنەماڵەکانیان لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە بگرنە بەر.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و لە زاری دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی گەڵاڕێزانەوە، لە مانگی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠ـەوە (نۆڤامبری ٢٠٢١) و دوابەدوای بەڕێوەچوونی یەکەم خولی دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی گەڵاڕێزان و وەرگرتنی شایەتیی شایەتحاڵەکان سەبارەت بە هەڵسوکەوتی حکوومەتی ئێران لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (نۆڤامبری ٢٠١٩) و قۆناغی پاش ئەو ڕووداوانەدا، لانیکەم لە شەش حاڵەتدا شایەتحاڵان و بنەماڵەکانیان کەوتوونەتە بەر پەلاماری دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، توندوتیژی، لێکۆڵینەوەی نادادپەروەرانە، بانگهێشتکردن بە مەبەستی لێپرسینەوەی توندوتیژکارانە، هەڕەشەی کوشتن و جۆرەکانی تری ئازار و ئەشکەنجەوە. هەندێ لە بنەماڵەکانیش لەبەر ترس لە ئاسایش و ئەمنییەتی بنەماڵەکانیان و لەژێر گوشاردا قبووڵیان کردووە لە بەردەم کامێرادا قسەوباسە درۆکانی بەرپرسە ئەمنییەکان دووبارە بکەنەوە. ڕێکخراوە داکۆکیکارەکان لە مافەکانی مرۆڤ لەم بەیاننامەیەدا جەختیان کردۆتەوە: «ئەم پێشێلکارییانە بە یەک لە شێوازەکانی ئەشکەنجە یان شێوازەکانی تری هەڵسوکەوتی ستەمکارانە، نامرۆڤانە یان سووکایەتیئامێز دێنە ئەژمار».

هەنگاوەکانی تۆڵەسەندنەوەی حکوومەت دوای بەڕێوەچوونی دووهەم خولی دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی گەڵاڕێزان کە لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا (فێبرییەی ٢٠٢٢) بەڕێوە چوو، پەرەی سەندووە.

ئەم بەیاننامەیە نیشاندەری بەردەوامبوون و پەرەسەندنی هەڵسوکەوتە نامرۆڤانەکانی حکوومەتە لەگەڵ کەسوکاری ئەو کەسانەدا کە لە دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی گەڵاڕێزاندا شایەتییان داوە؛ کە زۆربەیان ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە ناڕەزایەتییەکانی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (نۆڤامبری ٢٠١٩) و بە هۆی توندوتیژیی کوشندەی بەرپرسانی حکوومەتەوە لەدەست داوە. لەوانە ئەمین ئەنساریفەرە کە کوڕەکەی لە ناڕەزایەتییەکانی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨دا (نۆڤامبری ٢٠١٩)  کوژرا و بنەماڵەکەی لەو کاتەوە تا ئێستا ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردنی و حوکمی بەندکران بوونەتەوە و لەدوای شایەتیدانی ناوبراوەوە لە دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی گەڵاڕێزاندا، ئەم ئازار و هەڵسوکەوتانە قورستریش بوونەتەوە.

لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: «بەرپرسان دەستووریان بە کەسوکاری شایەتحاڵەکان داوە پێوەندیی خۆیان لەگەڵ شایەتحاڵانی دانیشتووی دەرەوەی ئێراندا ببڕن و بە ئاشکرا شایەتییەکانیان شەرمەزار بکەن و دژی بوەستنەوە، ئەگینا دەبێ خۆیان بۆ «ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ لێکەوتەکاندا»، وەک دەستبەسەرکردن و شێوازەکانی تری ئازاردانی خۆیان و ئەندامانی بنەماڵەکانیان و لەوانە ئازاردانی منداڵەکانیان، ئامادە بکەن».

ئەو ڕێکخراوە داکۆکیکارانە لە مافەکانی مرۆڤ کە بەیاننامەکەیان واژۆ کردووە، داوایان لە شۆرای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ لێکۆڵینەوەی دادپەروەرانەی یاسایی لە داهاتوودا، میکانیزمێکی لێکۆڵینەوە بۆ کۆکردنەوە، شیکردنەوە و پاراستنی بەڵگەنامە پێوەندیدارەکان بەو تاوانکاری و جینایەتانەوە لە ئێران ڕوویان داوە -بەپێی یاسا جیهانییەکان- بدۆزێتەوە.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: «تا ئەمڕۆ هیچ بەرپرس و کاربەدەستێک لەبەر دەرکردنی فەرمان، ئەنجامدان یان ملدان بە پێشێلکردنی قووڵی مافەکانی مرۆڤ و تاوانە دیاریکراوەکان لە یاسا نێونەتەوەییەکاندا کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەاکنی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (نۆڤامبری ٢٠١٩) و دواتریدا ڕوویان داوە، نەخراوەتە بەر لێکۆڵینەوە، چ بگا بەوەی ناچار بە لێپرسینەوە و وەڵامدانەوە بکرێت».

هەوڵەکانی ڕێکخستنی دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی گەڵاڕێزان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٩٩ (٢٠٢٠). لەم دادگایەدا شەش مافناسی ناسراوی نێونەتەوەیی وەک دادوەر کار لەسەر ئەوە دەکەن کە ئایا تاوانکارییەکانی کاربەدەستانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨دا (نۆڤامبری ٢٠١٩) تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بووە یان نا.

تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ شایەتحاڵ شایەتییەکانی خۆیان پێشکەشی دادگا کردووە و هەندێکیان لە بەردەم لیژنەی دادوەراندا شایەتییان داوە. شایەتحاڵەکان پێک هاتوون لە بنەماڵەی گیانبەختکردووان، خۆپیشاندەران، برینداران یان دەستبەسەرکراوان، ڕێبواران، کادری دەرمان و بەرپرسانی پێشوو و ئێستای حکوومەت.

کۆی بەیاننامەکە بە زمانی فارسی لەم بەستەرەدا بخوێننەوە: