بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان:

– لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠دا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە هۆی تەقەکردن و دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆڵبەرانی کورد، لانیکەم ١ کەس کوژراوە و ١٣ کەس بریندار بووە. ٦ کۆڵبەریش بە ڕووداوی هاتوچۆ و بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا بریندار بوون.

هەروەها بە هۆی تەقەکردنی هێزەکانی سپای پاسداران لە گرووپێک لە کاسبکارانی کورد لە بەرزاییە سنوورییەکانی «قەندیل»ی شاری پیرانشار، کاسبکارێک بە ناوی قادر باز لە کاتی هەڵاتندا لە بەرزاییەوە بەر بوویەوە و گیانی لەدەست دا و ٢ کەسی تریش بریندار بوون.

– لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠دا لانیکەم ٢٠ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شار و گوندە جیاوازەکانی پارێزگاکانی کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. لەنێو دەستبەسەرکراواندا منداڵێکیش بە ناوی شەهرام مەنگوڕ دەبینرێت.

بەشی زۆری ئەم دەستبەسەرکردنانە لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییان و چالاکانی کورددا ڕووی داوە کە لە ٢٠ی گەڵاڕێزانی ئەمساڵەوە دەستی پێ کردووە و هێشتا هەر درێژەی هەیە. تا ئێستا لانیکەم ٤٢ کەس لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارەکانی بانە، سەقز، مەریوان و سنە دەستبەسەر کراون. لەم نێوانەدا تەنها ٧ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەو ٣٥ هاووڵاتی و چالاکەکەی تر لە بەردەستدا نییە.

هەروەها لە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەزدا ئامانج ئەمینی، چالاکی پیشەیی مامۆستایان لە سەقز، بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز بانگهێشت کراوە و دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە.

– لە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزدا ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار بەبێ حوکمی یاسایی ئەنجومەنی مەدەنیی «کافەکتێبی ئەندێشە»ی ئەم شارەی دوای دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە داخستووە.

– لە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزدا ڕاگەیەنرا کە سۆران دانشوەر، خوێندکاری دوکتۆرای فەلسەفەی زانکۆی تەبرێز لەسەر داوای وەزارەتی ئیتلاعات لەم زانکۆیە دەر کراوە.

– لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠دا چوار زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی هووشمەند عەلیپوور، شاکر بێهرووز، کەیهان موکەڕەم و عەلی محەممەدی موقەدەم لە زیندانەکانی سنە و ورمێ بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر بێبەشکراندا لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و مافی پشووی کاتی و ئازادیی مەرجدار، بۆ ماوەی چەند ڕۆژ مانیان لە خواردن گرت.

هەروەها لە ڕێکەوتی ٢١ی گەڵاڕێزانەوە سەرجەم زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر گواستنەوەیاندا بۆ بەندێکی سەرووئەمنیی تازە مانگرتنیان دەست پێ کرد و بەشەخواردنی دەوڵەتییان وەرنەگرتووە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە مانگرتنی ئەم ٤٥ زیندانییە سیاسی و مەزهەبییە هەر درێژەی هەیە.

– لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠دا لانیکەم ٢ هاووڵاتیی کورد لە زیندانی سنە لە سێدارە دراون. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تەنها توانیویەتی ئەم دوو حاڵەتەی لەسێدارەدان لەڕێی سەرچاوە جیاوازەکانیەوە پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام پێدەچێ ژمارەی لەسێدارەدراوان لەمەش زیاتر بێت.

یەک لەم کەسانە حەیدەر قوربانی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامێران بوو کە لە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزدا بەبێ ئاگدارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکەی لە زیندانی سنە لە سێدارە درا و تەرمەکەی بۆ ناشتن لە زادگەکەی ڕادەستی بنەماڵەی نەکرایەوە و تەنها بە ئامادەبوونی براکەی لە بەهەشت محەممەدیی سنە ئەسپەردە کرا.

ساڵح نیکبەخت پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییە، لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «حوکمی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی لە حاڵێکدا جێبەجێ کراوە کە هێشتا هیچ وەڵامێکمان لە دادگوستەریی پارێزگای کوردستانەوە وەرنەگرتبۆوە و بە سەرنجدان بەو کێشە و کەموکورتییە یاساییە بنەماییانەی دۆسیەکە کە ببوونە هۆی دەرکردنی حوکمی ئێعدام و هەروەها داواکاریی زیاتر لە هەزار کەس لە هاووڵاتییانی کامێرانی و زیاتر لە ٥٠ کەس لە زانایانی ئایینی و بەرنوێژانی سوننە لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی، ئێمە هیوادار بووین ئەم حوکمە لە دیوانی باڵای ئێراندا هەڵبوەشێتەوە».

ساڵح نیکبەخت هەروەها سەبارەت بە تۆمەتی «بەغی» لەسەر حەیدەر قوربانی وتی: «دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شاری سنە بە تۆمەتی «بەغی» حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر حەیدەر قوربانیدا سەپاندووە، لە حاڵێکدا کە مەرجی ئەنجامدانی تاوانی بەغی ئەندامبوونە لە گرووپێکی چەکدار و بەکارهێنانی چەک لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا. پارێزوانەکەی من تەنانەت لەو دۆخە دژوار و سەختەشدا کە تێی پەڕاندووە، بە هیچ شێوەیەک دانی بە ئاوا شتێکدا نەناوە و تاکەبەڵگە بۆ سەلماندنی ئەم تۆمەتە ئیدیعاکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی سنە و کامێرانە».

– لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠دا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە سەربازێکی خەڵکی ورمێ لە پادگانی عەجەب شێر تووشی لەدەستدانی ئەندامی جەستە بووە و دوو هاووڵاتیی کوردی تریش لە قەسری شیرین و دێلوڕان بریندار بوون.

– لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠دا لانیکەم ٤ كرێكاری کورد بە ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە.

– لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠دا لانیکەم ٢ حاڵەتی ژنکوشتن لە سنە و کرماشان تۆمار کراوە. لە حاڵەتێکیاندا هاوسەر و لە حاڵەتەکەی تریاندا برای ژنەکە بکوژ بوون.

– لە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەزدا هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی حەبیب (حەقموراد) ڕوستەمی لە نزیک سنووری «پەرویزخان»ی شاری قەسری شیرین بە دەستی هێزەکانی ئەرتەشی ئێران کوژرا.

– لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەزدا زیندانییەک بە ناوی ڕوحوڵڵا مەلێکی لە چوارەم ڕۆژی مانگرتنەکەیدا لە خواردن هەوڵی خۆکوشتنی دا و بە هۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندان و نەگواستنەیەوە بۆ نەخۆشخانە، لە زیندانی ئیلام گیانی لەدەست دا.

– لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠دا دوو پەناخوازی کورد لە ڕێگای کۆچبەریدا گیانیان لەدەست دا. بەختیار مووسازادە بە هۆی سەرما و نەخۆشکەوتنەوە لە ڕێگای ئەڵمانیا و سیروان عەلیپوور بە هۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی هەڵگری پەناخوازانەوە لە کەناڵی مانش لە ڕێگای بریتانیا گیانیان لەدەست داوە.

بۆ بینینی وردەکاریی ڕاپۆرتەکە سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکە: