ڕۆژی ١٢ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٢ زیندانیی سیاسیی کورد شێرکۆ مەعاریفی، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی پارێزەر و بنەماڵەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی سەقز کرا و دەمەوبەیانی ڕۆژی دواتر لەم زیندانەدا لە سێدارە درا. تەرمی ئەم زیندانییە سیاسییە هەمان ڕۆژ لە ژێر ڕێوشوێنێکی توندی ئەمنیدا لە شاری بانە بە خاک سپێدرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە حەوتەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییەدا ئاوڕێکی لە دۆسیەکەی داوەتەوە و هەروەها یەکێک لە هاوبەندییەکانی دواکاتژمێرەکانی پێش جێبەجێکردنی حوکمەکەی بۆ گێڕاوینەتەوە.
شێرکۆ مەعاریفی، لەدایکبووی ١٣٥٩ و خەڵکی بانە، ٩ی گەلاوێژی ١٣٨٧ لە گوندێکی سەقزدا لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەدا لە سەقز کەوتە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحیی زۆر قورسەوە. پاشان گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و بۆ ماوەی دوو مانگیش لەوێدا بە قورسی ئەشکەنجە درا و ئینجا ڕەوانەی زیندانی سەقز کرا.
ئەم زیندانییە سیاسییە، ساڵی ٩٢ پاش تێپەڕینی ٥ ساڵ و نیو بەسەر بەندکرانیدا، لە وتووێژێک لەگەڵ چالاکێکی کوردی مافەکانی مرۆڤدا کە نوسخەیەکی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەسەر قۆناغی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە وتوویەتی: «شەوانەڕۆژ بە ئەشکەنجەدانەوە لێپرسینەوەم لێ دەکرا، لێپرسەوەکان هەڕەشەیان دەکرد ئەگەر بە زۆر دان بە تاوانباربوونی خۆمدا نەنێم ئەوا ئەندامانی بنەماڵەم و تەنانەت خوشکەکەیشم دەستگیر دەکەن. شەوان حەبێکیان پێ دەدام کە بە زۆر دەبوو بیخۆم و نەمدەزانی چییە».
ئەو ڕەوتی دادگاییەکەی بە نادادپەروەرانە لە قەڵەم داوە و لە درێژەدا وتوویەتی: «دوای سێ مانگ یەکەم دادگاییکردنم لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سەقزدا بە تۆمەتی موحارەبە لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا بەڕێوە چوو و لە حاڵێکدا کە مافی دیاریکردنی پارێزەرم لێ زەوت کرابوو، حوکمی لەسێدارەدانم بەسەردا سەپا. دوای دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان پێیان ڕاگەیاندم کە ئینجا بۆت هەیە لە قۆناغی پیاچوونەوەدا بۆ خۆت پارێزەرێک دیاری بکەیت».
دوای پێشکەشکردنی داوای “مادەی ١٨” لە لایەن ئەحمەدسەعید شەیخیی پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییەوە بە نووسینگەی دەزگای دادوەری، داواکارییەکە قبووڵ کرا، بەڵام دیسانەوە دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٢٧ی دیوانی باڵای وڵات لە شاری قومدا و ئەم لقەی دیوان سەرلەنوێ حوکمی لەسێدارەدانی پەسەند کردەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە وێڕای ئاماژەکردن بە «دۆخی سەختی زیندانی سەقز» و «زەخت و گوشاری بەرپرسانی زیندان لەسەر زیندانییانی سیاسی»، باسی تەمێکردن و هەناردنە ژووری تاکەکەسیی خۆی دەکات بە تاوانی ئەوەی کتێبەشیعرێکی شاعیری ناسراوی کورد شێرکۆ بێکەسی پێ بووە. ناوبراو لەم وتووێژەدا ئاماژە بە نەخۆشینی برینی مەعیدەی خۆی دەکات کە سەرەڕای بۆچوون و داواکاریی پزیشکەکان بۆ هەناردنی بۆ نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان، لەبەر ڕازینەبوونی ئیدارەی ئیتلاعات مافی پێڕاگەیشتنی پزیشکیی لێ زەوت کرابوو.
گێڕانەوەی ڕۆژی پێش لەسێدارەدانی لە لایەن هاوبەندییەکی ئەم زیندانییە سیاسییەوە
کاتژمێر ١٨ی ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی گەڵاڕێزانی ساڵی ١٣٩٢، بە دەستووری بەرپرسی ئەوکاتی بەشی پاراستنی زیندان بە ناوی نەورۆزی، شێرکۆ مەعاریفی لەگەڵ زیندانییەکی سیاسیی دیکەدا بە ناوی موتەلێب ئەحمەدیان بە بیانووی ئەوەی جگەرەیان کێشاوە، برانە بنکەی پاسەوانیی ناوەندیی زیندان و دوای ئەوەی لەوێ کەلەپچە و پێبەندیان لێ درا، گواسترانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.
کاتژمێر ٥:٣٠ی دەمەوبەیانی ڕۆژی دواتر کە ئەیکردە دووشەممە ١٣ی گەڵاڕێزان، بەرپرسی بەشی پاراستن بە بیانووی دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە، شێرکۆ مەعاریفیی لە ژووری تاکەکەسی هێنابووە دەرەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی نیگەرانیی ناوبراو، بەڵام ئەو بەرپرسە دەڵێت بۆ ماوەیەک دوور دەخرێیتەوە بۆ زیندانی سنە و پاشان دەگەڕێنرێیتەوە بۆ زیندانی سەقز.
دوای گواستنەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ هۆڵی داخراوی دیدارەکان و دیتنی سێدارەکە، ئینجا تێدەگات کە بەرپرسان بڕیاریان داوە حوکمەکەی جێبەجێ بکەن. حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکەی، بە نهێنی و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی زیندان، دادگا و ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز جێبەجێ کرا. تەرمی ئەم زیندانییە سیاسییە دوای چەند کاتژمێرێک ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و لە فەزایەکی تەواو ئەمنیدا لە گۆڕستانی شاری بانە ئەسپەردەی خاک کرا.

دایکی ئەم زیندانییە سیاسییە لەسێدارەدراوە لەسەر مەزارەکەی لە بانە