پووریا جەواهێری، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران کە لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەم شارە دەستبەسەر کرابوو، تا ئێستایش چارەنووسی نادیارە و بە تۆمەتی «موحارەبە» لە زیندانی کامێراندایە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەم هاووڵاتییە لە کۆتایی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) دوای نزیکەی ٢ مانگ و نیو لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا، گوازراوەتەوە بۆ زیندانی کامێران.

ناوبراو کۆتایی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو (مارسی ٢٠٢٣) لەژێر چاودێری و ڕێوشوێنی ئەمنیی تونددا براوەتە شەقامی ١٢ مەتریی کامێران و لێپرسەوە ئەمنییەکان ناچاریان کردووە لە سیناریۆی نواندنەوەی «بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکاندا و تەقەکردن لە هێزە سەربازی-ئەمنییەکان» بەشداری بکات.

چەند شایەتحاڵێکی مەیدانی لە کامێران بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیان وت کە هێزەکانی سپای پاسداران و پۆلیسی ئینتیزامی سەرلەبەیانیی ٢٢ی ڕەشەمە (١٣ی مارس) هەموو شەقامەکانی دەوروبەری شەقامی ١٢ مەتریی تەوحیدیان گەمارۆ داوە و پووریا جەواهێرییان بە کەلەبچە و پێبەندەوە بردووەتە ناو ئەو شەقامە.

بە وتەی ئەم شایەتحاڵانە، پووریا جەواهێری سەرەتا ئامادە نەبووە بەشداری لەم سیناریۆ ئەمنییەدا بکات، بەڵام دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بە چەک هەڕەشەیان لێ کردبوو، بە ناچار بەشداریی لە سیناریۆکەدا کردووە. هاوکات گرووپێکی ئەمنیی پێکهاتوو لە لێپرسەوە ئەمنییەکان ڤیدیۆیان لەم شانۆیە هەڵگرتووە کە سیناریۆی «کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران» لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کامێراندا بووە.

لە حاڵێکدا کە دامودەزگا ئەمنییەکان و دادسەرای گشتی و شۆڕش ڕایانگەیاندووە کە تۆمەتی ئەم هاووڵاتییە بریتییە لە «موحارەبە» لە ڕێگای کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسدارانەوە، بە دەیان هاووڵاتی بە واژۆکردنی تۆمارێک و هەناردنی بۆ دادگای کامێران شایەتییان داوە کە لە کاتی کوژرانی ئەندامەکەی سپادا پووریا جەواهێری لە کۆمپانیایەکی قیر لە گوندی «تیلەکۆ»دا بووە.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر و لە کۆتایی سەرماوەزی ١٤٠١ (دێسامبری ٢٠٢٢) لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەڕی سپای پاسدارانی سنەوە، ڕایگەیاندبوو کە لە کاتی لێپرسینەوەکان و لەژێر ئەشکەنجەدا بڕبڕەیەکی سینگی شکاوە.

ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر بێبەش کراوە.

پووریا جەواهێری، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران، لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەم شارە لە لایەن ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەڕی سپای پاسدارانی سنە.

سەیدحسەین حسەینی، سەرۆکی دادگوستەریی پارێزگای کوردستان، لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ١٤٠١دا (١١ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) سەبارەت بە دۆسیەکەی پووریا جەواهێری بە هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێرانی وتبوو کە «بۆ ئەم کەسە لە لقی یەکەمی لێپرسینەوە دادسەرای کامێراندا دۆسیە کراوەتەوە و ناوبراو لە بەردەم دادگاکەدا ئامادە بووە و ددانی بەوەدا ناوە کە تەقەی لە هێزە ئەمنییەکان کردووە و چەکەکیشی لە کەسێکی تر وەرگرتووە کە ئەو کەسەیش بەپێی دەستووری یاسایی دەستبەسەر کراوە.» ئەم بەرپرسە ڕایگەیاندبوو کە بۆ پووریا جەواهێری بە تۆمەتی «موحارەبە» بڕیاری دەستبەسەربوون دەرکراوە.