ژینا ئەمینی، لەدایکبووی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٧٩ (٢٠ی سێپتامبەری ٢٠٠٠) لە شاری سەقز، لە کاتی گیانلەدەستداندا تەنها ٢٢ ساڵی تەمەن بوو. ژینا ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە شەقامێکی تاراندا لە لایەن دەوریەی ئیرشادەوە بە لێدان و بێڕێزی دەستبەسەر کرا و سێ ڕۆژ دواتر لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرماناندا (١٦ی سێپتامبەر) بە هۆی ئەو زەبرانەوە کە لە ئەنجامی لێدانی هێزەکانی پۆلیسدا بەر سەری کەوتبوو و تووشی مەرگی مێشکی کردبوو، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی بەخت کرد.

مەرگی ژینا کە بە «کوشتنی حکومەتی» ناوزەد کراوە، بوو بە هەوێنی زنجیرە خۆپیشاندانێکی کەموێنە کە بۆ ماوەی چەندین مانگ درێژەی کێشا و بوو بە یەکێک لە درێژخایەنترین و بەربڵاوترین خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت لە سەردەمی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە لە ئێراندا.

دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» کە لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ژینا لە گۆڕستانی ئایچیی شاری سەقزدا هەڵدرا، زۆر خێرا هەموو جوگرافیای ئێرانی تەنی و بوو بە دروشمی سەرەکیی خۆپیشاندانەکان. لەم خۆپیشاندانانەدا کە بە «سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی» یان «سەرهەڵدانی ژینا» ناوزەد کراوە، سەدان هاووڵاتی بە دەستی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی حکومەت کوژران و هەزاران کەسیش دەستبەسەر کران و بریندار بوون.

لە یەکەم ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی ژینادا، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەستی داوەتە لێکۆڵینەوە و وتووێژ لەگەڵ کەسانی ئاگادار و نزیکانی ژینادا و ڕاپۆرتێکی توێژینەوەیی لە ڕەوتی دۆسیەکە ئامادە کردووە، دۆسیەیەک کە لەسەر داوا و شکاتی بنەماڵەی ژینا کرایەوە بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی ساڵێک، دەزگای دادوەری ئامادە نییە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی ڕاستەقینەی بۆ بکات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەرەڕای دەستێوەردانی کاربەدەستانی حکوومی لە ڕەوتی کردنەوە و لێکۆڵینەوەی دۆسیەکەدا و ڕێگریکردن لە بنەماڵە و پارێزەرانیان بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەکان و بینینی ئەو شایەتحاڵانەی شایەتییەکانیان لە دۆسیەکەدا تۆمار کراوە، دیسانەوە کۆمەڵێک بەڵگە و دۆکیۆمێنت لە خودی دۆسیەکەدا هەیە کە دەیسەلمێنن ژینا ئەمینی کەوتووەتە بەر تۆقاندن و لێدانی هێزەکانی پۆلیسی دەوریەی ئیرشادەوە (پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقیی ئێران) و هۆکاری مردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ «ترۆما و بەرکەوتنی دەرەکی». (بەرکەوتن یان ترۆما لە زانستی پزیشکیدا بە هەرچەشنە بەرکەوتن، برینداربوون، شۆک، زەبر و ڕووداوێک دەوترێت کە بەر جەستە بکەوێت، بەو مەرجەی لە دەرەوە بەر جەستە کەوتبێت و لە هۆکاری ناوەکییەوە سەرچاوەی نەگرتبێت).

هەروەها ژمارەیەک پزیشکی نەشتەرگەر و پسپۆڕی دڵ، مێشک و دەمار کە لە ڕێگای بنەماڵە و پارێزەرانەوە ئاگایان لە وردەکاریی دۆسیەکە هەیە، لەسەر ئەو باوەڕەن کە کاتێک کە بناغەی کاسەسەری مرۆڤ بەر لێدانێک دەکەوێت، خوێن بە شێوەی ئاسایی و سروشتی بە مێشک ناگات و ئەو بەشە لە مێشک کە فەرمان بۆ دڵ و سی دەنێرێت، لە کار دەکەوێت. لەم حاڵەتەی ژینادا هۆکاری لەناوچوونی لەسەدا ٩٥ بۆ ٩٧ی کارکردنی دڵ و سی هەر ئەمە بووە و لە لاواندا هیچ جەڵدە و خوێنلێچوونێکی مێشک ناتوانێت بەبێ ترۆمای دەرەکی لە ماوەی ٢ کاتژمێردا نیشانەکانی ژیان تا ئاستی لەسەدا ٩٧ پەک بخات.

__ __ __

عەسری ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) ژینا کە بۆ سەفەر لە سەقزەوە چووبوو بۆ تاران، لەگەڵ براکەی و کچەپوورەکەیدا لە نزیک وێستگەی میترۆی حەقانیی تاران لەپڕ ڕووبەڕووی ئۆتۆمبیلی ڤەنی دەوریەی ئیرشاد دەبنەوە. هێزەکانی پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقیی ئێران بە تۆمەتی «ناتەواوبوونی حیجاب» بە سووکایەتی و توندوتیژییەوە ژینا دەستبەسەر دەکەن و لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی دەستبەسەرکراوی دیکەدا دەیگوازنەوە بۆ ناو ئۆتۆمبیلەکەی خۆیان، واتە هەمان ئەو شوێنەی ژینا بۆ یەکەم جار دەکەوێتە بەر لێدان و بێڕێزیی هێزەکانی پۆلیسەوە.

پاشان ژینا و دەستبەسەرکراوانی تر دەبرێنە بینای پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی لە شەقامی وزەرا و تەنها دوو کاتژمێر دواتر ژینا بە بێهۆشی دەگوێزرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی کەسرای تاران. بەرپرسانی نەخۆشخانەکە بەپێی ڕێوشوێنە یاساییەکانی خۆیان پۆلیسی ١١٠ لە رووداوەکە ئاگادار دەکەنەوە و کەلانتەری (بنکە)ی ١٠٥ی سەنایی پۆلیسێکی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکات. ئەم پۆلیسە دەیهەوێت ڕووداوەکە تۆمار بکات، بەڵام پۆلیسەکەی تر کە سەر بە پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقییە و ژینای هێناوە بۆ نەخۆشخانە، ئامادە نییە هیچ زانیارییەک بە هاوکارە پۆلیسەکەی بدات و تەنانەت ئامادە نییە ناوی خۆیشی پێ بڵێت.

لە یەکەم ڕاپۆرتی گواستنەوەی ژینا ئەمینیدا بۆ نەخۆشخانەی کەسرای تاران کە لە لایەن پۆلیسەکەی کەلانتەرییەوە نووسراوە و بەرپرسی بەشی پاراستنی نەخۆشخانە و براکەی ژینا واژۆیان لەسەر کردووە، بە ڕوونی نووسراوە کە «کەسێک بە ناسنامەی نادیارەوە… لە لایەن ئۆرژانسی … هێنراوەتە نەخۆشخانەی کەسرا کە لە پۆلیسی ئاسایشی وزەرادا بریندار بووە و تەنها ٣ لەسەد هۆشیاریی هەیە و لە ژووری ڕیکاڤێریدایە.» لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا ناسنامەی ژینا ئەمینی، ٢٢ ساڵان، لە لایەن براکەیەوە کە دوای ئاگاداربوون لە گواستنەوەی خوشکەکەی خۆی گەیاندووەتە نەخۆشخانەی کەسرا، پشتڕاست کراوەتەوە. هەروەها سەبارەت بە پۆلیسەکەی ئاسایشی ئەخلاقییش وتراوە کە «هیچ لەیبڵێکی نییە، کارتی ناسنامەیشی نییە و ئامادە نییە وەڵامی پرسیارەکانی بەشی ١١٠ بداتەوە».

بەم چەشنە، لە یەکەم چرکەکانی گواستنەوەی ژیناوە بۆ نەخۆشخانە، داشاردن و کەتمانکردنی حەقیقەت دەست پێ دەکات. ئەندامانی تری بنەماڵەیش ئاگادار دەبنەوە و دەڕۆنە شوێنی خەواندنی کچەکەیان لە نەخۆشخانەی کەسرا. بەڵام هیچ هیوایەک بە زیندوومانەوەی ژینا کە هاوکات تووشی جەڵدەی دڵ و مێشک بووە، نەماوە؛ سێ ڕۆژ دواتر، ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) ژینا لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لە دەست دەدات.

لەو کاتەوە چۆنێتیی مەرگی ژینا لە لایەن حکومەتەوە چەواشە و حاشای لێ دەکرێت و هەرڕۆژە سیناریۆیەکی نوێی بۆ دروست دەکەن. ڕۆژێک دەڵێن ژینا لەبەر نەخۆشیی پێشووتر گیانی لە دەست داوە و ڕۆژێکیش دەڵێن ئەندامی حیزبەکانی کوردستان بووە و بە پلانێکی پێشوەختە و بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە هاتبووە تاران! بەڵام هیچکام لەم بانگەشە سەیروسەمەرانە نەیتوانیوە بنەماڵە، پارێزەران و میلیۆنەها مرۆڤی تر وا لێ بکات تەنانەت تۆسقاڵێکیش چییە باوەڕ بە سیناریۆکانی حکومەت بکەن.

وەک دیارە، تەنانەت لە هەمان یەکەم ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە دۆسیەکەیشدا بە ئاسانی دەتوانین ڕاستییەکان بدۆزینەوە، بەڵگەیەک کە لە لایەن پۆلیسی کەلانتەریی ١٠٥ی سەناییەوە نووسراوە و تیایدا «برینداربوون لە پۆلیسی ئاسایشی وزەرادا» پشتڕاست کراوەتەوە. هەروەها ژنێکی دەستبەسەرکراوی تر کە ناوەکەی لە دۆسیەکەدا نەنووسراوە و بە هەمان ئەو ئۆتۆمبیلەی دەوریەی ئیرشاد و لەگەڵ ژینادا ڕەوانەی بینای پۆلیسی وزەرا کرابوو، شایەتیی داوە کە «ژینا هەر دەگریا… ژینا لەسەر خۆ چووبوو، بەڵام هەڵسوکەوتی پۆلیسەکان پڕ لە سووکایەتی و بێڕێزی و گرژی بوو».

ئەمجەد ئەمینیی باوکی ژینایش هەر هەمان کات لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێریی دەوڵەتیی فارسدا جەختی کردبۆوە کە لەسەر قاچەکانی کچەکەی شینبوونەوە هەبووە و سەرەڕای ئەوەی کە داوای لە «بەرپرسانی نەخۆشخانە و پزیشکیی داد» کردبوو کە «لێکۆڵینەوە بۆ شینبوونەوەی سەر قاچەکانی ژینا بکەن»، بەڵام تەنانەت ئەم داواکارییە سەرەتاییەیش پشتگوێ خرا.

ئەم جۆرە بەڵگانەی ناو دۆسیەکە کە لە سەرەوە تا خوارەوەی حکومەت قۆلیان بۆ چەواشەکردنی هەڵماڵیبوو، خۆی باشترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی کوشتنی حکومەتیی ژینا، حەقیقەتێک کە بە سەرنجدان بە ڕابردووی دەوریەی ئیرشادی کۆماری ئیسلامی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ژناندا، لە لای ڕای گشتی هەر لەسەرەتایشەوە هێندەیش ون و ئاڵۆز نەبوو.

دواجار مەرگی ژینا بەر هەر هۆکارێک کە بووبێت، دیسان هیچ گۆڕانکارییەک لە هۆکاربوونی حکومەت لە ئەنجامدانی ئەم کوشتنەدا دروست ناکات، چونکوو بەپێی یاساکانی خودی ئێران، «دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی زیندانی، لەوانە پارێزراوبوونی گیان و تەندروستیی جەستەیی و دەروونی، لە ئەستۆی ڕێکخراوەی زیندانەکان و ئەو شوێنانەدایە کە زیندانییەکان بە شێوەی کاتی یان بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکران دەبرێنە ئەوێوە.» جیا لە ڕێکخراوەی زیندانەکان و بەرپرسانی ڕاگرتنی بەندکراوان، داواکاری گشتی و شۆڕشی شوێنی زیندان یان دەستبەسەرگەکەیش بەرپرسایەتیی ڕاستەوخۆی هەیە لە چاودێریکردن بەسەر جێبەجێکردنی دروستی ستانداردە پێویستەکاندا بۆ دابینکردنی ئاسایشی گیانی و جەستەیی بەندکراوان. واتە لە ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێکدا بۆ کەسێکی بەندکراو یان دەستبەسەرکراو، لە هەر دۆخێکدا و بە هەر هۆکارێک، ئەو کاربەدەستانە بەرپرسایەتیی ڕاستەوخۆ و بێئەملاولایان هەیە و دەبێ لە بەرانبەر دروستبوونی هەرچەشنە کێشەیەکی گیانی و دەروونیدا بۆ بەندکراوان وەڵامدەر بن.

بابەتێکی دیکەی ناو دۆسیەکە قسەی دژبەیەکی هێزەکانی دەوریەی ئیرشادە لە کاتی گواستنەوەی ژینادا بۆ نەخۆشخانە. دوای ئامادەبوونی بنەماڵەی ئەمینی لە نەخۆشخانەی کەسرادا، بەرپرسانی نەخۆشخانەکە پێیان وتبوون کە سەرەتا نەیانزانیوە ژینا لە لایەن دەوریەی ئیرشادەوە گیراوە و لە بینای پۆلیسی وزەرادا تووشی ئەو ڕووداوە بووە، بەوان ڕاگەیەنرابوو کە رووداوەکە لە سەر شەقامدا ڕووی داوە و وەک وترا پۆلیسەکەیش وا ژینای بردبووە نەخۆشخانە، بۆ ئەوەی ناسنامەکەی لای بەرپرسانی نەخۆشخانە دەرنەکەوێت لەیبڵەکەی سەر سینەی لابردبوو.

سەرەڕای هەموو ئەم بەڵگە و دۆکیۆمێنتە بەهێز و قەناعەتبەخشانە، بەڵام کۆمیسیۆنی پزیشکیی داد، مانگی ڕەزبەری ١٤٠١ (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە بۆچوونی پسپۆڕانەی خۆی و لە ڕەوتێکی پێچەوانەی یاساوڕێسای دیاریکراودا بۆ بۆچوونەکانی کۆمیسیۆن، ڕایگەیاند کە هۆکاری مردنی ژینا ناگەڕێتەوە بۆ «بەرکەوتنی سەر و ئەندام و ماکە ژیانبەخشەکانی جەستەی» و لەسەر هۆکاری سەرەکیی مەرگەکە بێدەنگیی هەڵبژارد. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەرکی پزیشکیی داد دەستنیشانکردنی هۆکاری سەرەکیی مەرگە و ڕەتکردنەوەی هۆکاری شیمانەکراوی مەرگ بە بەشێک لە ئەرکەکانی ئەم دامەزراوە یاساییە نایەتە ئەژمار.

هەواڵنێریی «ئینساف نیوز»یش کە هەواڵنێرییەکی فەرمیی ناوخۆ و نزیک لە باڵی ڕیفۆرمخوازە، ڕۆژی ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە گێڕانەوە فەرمییەکانی حکومەت بۆ ئەم ڕووداوە، وێڕای ئاماژەدان بە بۆچوونەکەی پزیشکیی داد، ئاوڕی لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی حەقیقەتی پارلەمان لەمەڕ مەرگی ژینایش دابوویەوە:

«لە ڕاپۆرتی فەرمیی «پارلەمانی ئینقیلابی»یشدا لەمەڕ ئەوەی بەسەر ژینادا هات، دوو خاڵی گرنگ هەیە کە کەمتر خراونەتە بەر باس: یەکەم ئەوەی کە «ڕێژە و چۆنێتیی کاریگەربوونی ڕێوشوێنە پزیشکییە ئەنجامدراوەکان» لە ساتی کەوتنی ژیناوە تا کاتی ئامادەبوونی فەرمانبەرانی فریاکەوتن کە نزیکەی دە خولەکی پێ چووە، بە «جێی سەرنج» ناوزەد کراوە کە بە لەبەرچاوگرتنی ڕاپۆرتەکەی پزیشکیی داد دەتوانین ئەم وشە لێڵە بە هەمان «هەوڵی ڕیکاڤێریی دڵ-هەناسەی ناکاریگەر لە خولەکە هەستیارەکانی سەرەتادا» لێک بدەینەوە. دووهەمیش ئەوەی کە پارلەمان «کاتی بەفیڕۆدراو بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەڕێکەوتنی ئامبۆلانس» بەرەو نەخۆشخانە کە نزیکەی حەوت خولەک بووە، لە ڕەوتی دەرمانکردنی ژینا ئەمینیدا بە «بێکاریگەر» نازانێت. دیارە بەرپرسایەتیی ئەم بابەتە زۆر گرنگەیش هەر لە ئەستۆی پۆلیسدایە.».


وێنەیەکی ژینا ئەمینی لە نەخۆشخانەی کەسرای تاراندا

تەنانەت لە ڕاپۆرتەکانی دامودەزگا فەرمییەکانیشدا کە بەتەواوی لایەنگرانە و زۆربەیان بەپێی ڕاسپاردە ئامادە کراون، دەتوانین ئاماژەی دداننان بە بەرپرسایەتیی دامودەزگا و بەرپرسانی پێوەندیدار و بەتایبەت پۆلیس لە مەرگی ژینادا ببینین.

خودی ئەم قسە دژوازانە کە بەپێی کۆمەڵە بەڵگەیەکی دیکە، لەوانە ئامادەبوونی ئەشکانی برای ژینا لە کاتی دەستبەسەرکردنی خوشکەکەیدا و گێڕانەوە وردەکەی ئەو لە ڕووداوەکە، سەلمێنەری درۆبوونی ئەو بانگەشانەن، بوونە هۆی ناڕەزایەتی و تانەدانی بەردەوامی بنەماڵە و پارێزەرانیان، ساڵح نیکبەخت و عەلی ڕەزایی، لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان و بۆچوونی کۆمیسیۆنی پزیشکیی داد. بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی ساڵێک بەسەر گیانبەختکردنی ژینا ئەمینیدا، نەتەنها هیچ وەڵامێک بە داواکارییە یاساییەکانیان نەدراوەتەوە بەڵکوو بنەماڵە و پارێزەرانیان کەوتوونەتە بەر شەپۆلی هەڕەشە و دۆسیەسازییشەوە. سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا، ڕۆژی ١٤ی خەرمانان (٥ی سێپتامبەر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و ساڵح نیکبەختیش لەبەر وتووێژکردن لەسەر دۆسیەکە و تانەدان لە بۆچوونەکەی کۆمیسیۆنی پزیشکیی داد، بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» داوای یاسایی لەسەر تۆمار کراوە و ئێستە بە کەفالەت ئازاد کراوە. دایک، باوک و براکەی ژینایش چەندین جار بانگهێشت کراون و لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی دامودەزگا ئەمنییەکاندان و مەترسیی دەستبەسەرکردنیان لە ئارادایە. هەروەها کەسانی سەر بە حکومەت بەشێک لە بەردەقەبرەکەی ژینایان شکاند و گۆڕستانی ئایچی، شوێنی ئەسپەردەکردنی ژینا و ئاخێزگەی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لێوانلێو کراوە لە کامێرای چاودێریی ئەمنی و شارەوانیی سەقزیش دەیهەوێت فۆرمی گۆڕستانەکە بگۆڕێت و مەزارەکەی ژینا لە بەرچاوی خەڵک دوور بخاتەوە.

وێنەیەکی تەرمەکەی ژینا ئەمینی لە نەخۆشخانەدا

سەرەڕای هەموو ئەم بەربەستانە، بنەماڵە و پارێزەرەکانیان ئامادە نین پاشەکشە لە هەڵوێستەکانی خۆیان بکەن و بەردەوام ڕایانگەیاندووە کە بۆچوونەکەی کۆمیسیۆنی پزیشکیی داد دژایەتیی ئاشکرای هەیە لەگەڵ هەمان ئەو کەمەبەڵگانەی لە دۆسیەکەدا هەیە. ئەوان بە دەستنیشانکردنی ژمارەیەک پزیشکی پسپۆڕ و ناسراوی لقە جیاوازەکانی پزیشکی و دەروونپزیشکی، داوایان کردووە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە بە بەشداریی ئەم پزیشکە جێمتمانانەی خۆیان ببەسرێت، بەتایبەت کە «لە کۆی ١٩ پسپۆڕی واژۆکەری بۆچوونەکە تەنها ٥ کەسیان ئەندامی ڕێکخراوەی پزیشکیی داد بوون».

دوکتور خەسرەو پارسا (نووسەر، وەرگێڕ و پسپۆڕی مێشک و دەمار)، دوکتور محەممەد سەنعەتی (نووسەر، وەرگێڕ و دەروونپزیشک)، دوکتور سەیدعەلی تەباتەبایی، دوکتور کازم عەباسیوون، دوکتور هووشەنگ موعین، دوکتور عەلی مشکینی، دوکتور مووسا تەقی‌پوور، دوکتور محەممەد فەرەجی‌ڕاد، دوکتور بابەک زەمانی، دوکتور غولامڕەزا بەهادورخان، دوکتور ڕەزا باقری و دوکتور سەیفوڵڵا عەبدی ئەو پزیشکانەن کە بنەماڵەی ئەمینی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پسپۆڕی پزیشکیی داددا ناوەکانیان ڕادەستی دادسەرای تاوانەکانی پارێزگای تاران کردووە؛ کۆمەڵە کەسایەتییەکی ناسراو و لە بلیمەتەکانی ئێران لە بەشی مێشک و دەمار، دڵ و دەروونپزیشکیدا کە هەندێکیان دوای لێکۆڵینەوە لە پێشینەی پزیشکی و بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکانی ناو دۆسیەکە ڕایانگەیاندووە کە «بە پێچەوانەی بۆچوونی کۆمیسیۆنی یەکەم، هۆکاری مەرگی ژینا نەشتەرگەری نەبووە و ترۆمای دەرەکی هۆکاری وەستانی دڵی بووە».

ناوبانگ و پسپۆڕایەتیی ئەم کەسانە هێندە بەرچاوە کە تەنانەت دەزگای دادوەرییش نەیتوانی پشتگوێیان بخات؛ ڕۆژی ٤ی بەفرانباری ١٤٠١ (٢٥ی دێسامبەری ٢٠٢٢) داواکاری گشتیی ئێران ڕایگەیاند کە تانەدانی بنەماڵەی ئەمینی لە بۆچوونەکەی پزیشکیی دا دەنێردرێتە بەردەم کۆمیسیۆنێکی دیکە و سەرلەنوێ لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێت. بەڵام ئەم بەڵێنە تا ئێستایش جێبەجێ نەکراوە و وا دیارە تەنها بە ئاڕستەی پەکخستنی ڕەوتی لێکۆڵینەوەی یاسایی و خۆبواردن لە پێکهێنانی کۆمیسیۆنی دووهەم بە بەشداریی ئەم پزیشکە پسپۆڕانە وتراوە. لە بەرانبەردا، بنەماڵەی ئەمینییش بە بەرپرسانی دەزگای دادوەرییان ڕاگەیاندووە کە «بەبێ بانگهێشتکردن و ئامادەبوونی ئەم پزیشکە پایەبەرز و متمانەپێکراوانە لە کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆندا بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مەرگی منداڵەکەمان، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی شێوازی هەڵسوکەوتی پزیشکیی داد لە سەرەتاوە کە دادسەرای تاوانەکان لە وردەکارییەکانی ئاگادار کراوەتەوە، ڕایدەگەیەنین کە «بە هیچ شێوەیەک» بۆچوونی پزیشکیی داد لە لایەن ئێمەوە پشتڕاست ناکرێتەوە».

یەکێکی تر لە بەربەستەکانی بەردەم پارێزەران بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکە، پێنەدانی مۆڵەتی کۆپیکردنی بەڵگەنامەکان، بینینی فیلمە پێوەندیدارەکان بە ڕووداوەکەوە لە ناو ئۆتۆمبیلەکەی دەوریەی ئیرشاد و بینای پۆلیسی وزەرادا و دیدارکردن لەگەڵ شایەتحاڵانی مەیدانیدایە، ئەمەیش نیشاندەری هەبوونی بەڵگەی حاشاهەڵنەگرە بۆ سەلماندنی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی. پارێزەرانی دۆسیەکە چەندەها جار داوایان کردووە مۆڵەتی دیداری شایەتحاڵان و وەرگرتنی بەڵگەنامەکانیان پێ بدرێت. ئەوان لە یەکێک لە داواکارییەکانیاندا بۆ دادگا وێڕای پێداگرتن لەسەر «داواکارییەکانی پێشوو بۆ خوێندنەوەی ئەسڵی دۆسیەکە و لێکۆڵینەوە لە چوار ئەندامی پۆلیسی ئینتیزامیی ناو ئۆتۆمبێلەکە کە ژینای پێ گوازراوەتەوە و هەروەها لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو ژنانەی لەو کاتەدا دەستگیر کراون و بە هەمان ئەو ئۆتۆمبیلە براونەتە پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی»، داوایان لە دادگا کردووە ئەم کەسانە «لەگەڵ برا و کچەپووری ژینادا کە شایەتحاڵی ڕووداوەکە بوون» بەرەوڕوو بکرێنەوە و سەرجەم «فیلمە تۆمارکراوەکان لە کاتی دەستگیرکردنەوە تا کەوتنی ژینا» بخرێتە بەردەستان. بەپێی مادەکانی ٥، ٦، ١٠٠ و ٣٥١ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری و هەروەها یاسای زەروورەتی ڕەچاوکردنی مافی هاووڵاتی، دەسەڵاتی دادوەری دەبێ لە هەموو قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەدا مۆڵەتی وەرگرتنی بەڵگە و فیلمەکانی دۆسیەکە بە هەردوو لایەن بدات. دەرکردنی ئاوا مۆڵەتێک لە ڕیزی پێداویستییە حاشاهەڵنەگرەکانە لە پرسی مافی بەرگریی یاسایی هاووڵاتیان و لێکۆڵینەوەی دادپەروەرانەدا و هیچ کەس و دەسەڵاتێک ناتوانێ هاووڵاتیان لە مافە ئاشکرا و یاساییە بێبەش بکات، بەڵام تا ئێستا ئەم داواکارییە یاساییەیش لە لایەن بەرپرسانی دادوەرییەوە پشتگوێ خراوە.

لە ڕاستیدا بەرپرسە دادوەری و ئەمنییەکانی حکومەت هەوڵ دەدەن بە ترساندن و هەڕەشەکردن لە بنەماڵە و پارێزەرانیان لە ڕێگای بانگهێشتکردن، دۆسیەسازی و دەستبەسەرکردنەوە، وایان لێ بکەن واز لە شکاتەکەیان بێنن و بەم چەشنە دۆسیەکە لە داڵانە پێچەڵاوپێچەکانی دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکاندا بزر بکرێت. ڕەوتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی مەرگی ژینا ئەمینی ئەوەی سەلماندووە کە وەک هەموو نموونە هاوشێوەکانی تر، نەتەنها هیچ خواستێک بۆ لێکۆڵینەوەی دادپەروەرانە لەم تاوانە لە ئارادا نییە، بەڵکوو هیچ هیوایەکیش بەوە نەماوە کە لە سیستەمی دادوەیی کۆماری ئیسلامیدا داواکارییەکەی بنەماڵەی ئەمینی بە دەرئەنجامێکی دادپەروەرانە بگات.