لە سەروبەندی ساڵڕۆژی دەسپێکردنی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا، ڕاپۆرتێکی نوێی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و کەمپەینی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا لەژێر ناوی «جوانڕۆ؛ ئاگری شەڕی دەسەڵات لە سەر دەستە بەتاڵەکان و سەنگەرەکانی ڕقی گەل»دا بڵاو کرایەوە. ئەم راپۆرتە گێڕانەوەیەکی بەڵگەنامەییە لە سەرکوتکردنی توندوتیژیئامێزی هاووڵاتیانی جوانڕۆ لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی پاییز و زستانی ساڵی ١٤٠١دا (٢٠٢٢).

ئەم ڕاپۆرتە ١٠٠ لاپەڕەییە بەرئەنجامی لێکۆڵینەوەیە لە سەدان وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی و هەروەها وتووێژکردن لەگەڵ شایەتحاڵانی مەیدانی و بنەماڵەی گیانبەختکردوان و برینداران و دەستبەسەرکراوانی شاری جوانڕۆدا.

زانیارییە سەرەکییەکانی راپۆرتەکە:

لە نێوان ١٦ی ڕەزبەر تا ١٠ی بەفرانباری ١٤٠١دا (٨ی ئۆکتۆبەر تا ٣١ی دێسامبەری ٢٠٢٢) هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە چەکی جەنگی و بە شێوەیەکی ئەنقەست و پلان بۆدانراو، خۆپیشاندەرانی شاری جوانڕۆیان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا هەشت هاووڵاتی، لەوانە منداڵێک، کوژران. لەم سەرکوتکردنەدا لایەنی کەم ٨٠ کەس، لەوانە منداڵان، بە سەختی بریندار بوون. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا برینداران دەکەوتنە بەر پەلامار و لێدانی هێزە ئەمنییەکانەوە.

دابینکردنی دەواودەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ برینداران ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی فراوان بوویەوە.

٨٩ کەس، لەوانە ٢٦ منداڵ، بە شێوەی نایاسایی و هەڕەمەکی دەستبەسەر کران و زۆربەیان، لەوانە منداڵان، ئەشکەنجە دران و لە هەندێ حاڵەتدا هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسییان لێ کرا.

بنەماڵەی کوژراوان، برینداران و دەستبەسەرکراوان کەوتنە ژێر زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە تاکوو بێدەنگی لە دۆخی ئەندامانی بنەماڵەکانیان بکەن.

هادی قائیمی، بەڕێوەبەری کەمپەینی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا، وتی: «تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە جوانڕۆ بە شێوەیەکی پلان بۆدانراو و لەژێر چاودێری و ڕێنوێنیی تەواوی بەرپرسانی دەوڵەتی و حکومی و بە شێوەیەکی تەواو سیستماتیک بەڕێوە چووە و چەکوچۆڵی شەڕ بە شێوەیەکی بەربڵاو لە بەرنابەر هاووڵاتیاندا بە کار هێنراوە. ئەمەش بەو واتایە دێتەوە کە سەرکوتکردنی هاووڵاتیانی جوانڕۆ نموونەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە».

ئەم ڕاپۆرتە هەروەها هەندێ لە فەرماندەران و بکەرانی تاوانی جوانڕۆی دەستنیشان کردووە. تا ئێستە هیچ بەرپرس و کاربەدەستێکی حکومەت لە ئاست کوشتن و بریندارکردنی هاووڵاتیانی جوانڕۆدا لێپیچینەوەی لێ نەکراوە.

خۆپیشاندانەکانی جوانڕۆ بەشێک بوون لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکان کە زۆربەی شارە گەورە و بچووکەکان و تەنانەت هەندێ لە گوندەکانی ئێرانی گرتەوە. لەم سەرهەڵدانەدا زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر لە سەرانسەری ئێراندا بە دەستی هێزە ئەمنی و چەکدارەکان کوژران و لایەنی کەم ٢٢ هەزار کەسیش دەستبەسەر کران. کاربەدەستانی دەزگای دادوەری لە هەندێ دادگای فۆرمالیتەدا و بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەوتە یاساییەکان، سزای لەسێدارەدانیان بەسەر حەوت خۆپیشاندەردا سەپاند و سزاکەیشیان دوای ماوەیەکی زۆر کورت جێبەجێ کرد.

هادی قائیمی وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە لە ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی نزیک دەبینەوە، وتی: «ئەگەری دەسپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان لە ئێراندا و هەروەها دژکردەوەی توندوتیژیئامێزی حکومەت و سەرکوتکردنی خەڵکی ڕاپەڕیو گەلێ بەرز و جیدییە».

هادی قائیمی جەختی کردەوە کە «کۆمەڵگەی جیهانی دەبێ زۆر هۆشیار بێت و لەسەر لێکەوتەی قورسی سیاسی و ئابووری دوای دەرکەوتنی یەکەم نیشانەکانی توندوتیژیی حکومەتی، هۆشداری بە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بدات».

ڕێبین ڕەحمانی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیش وێرای دەربڕینی نیگەرانی لە ئاست شەپۆلی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمنی و دادوەریی حکومەت لەگەڵ هاووڵاتیان و چالاکانی کورد لە شارە جیاوازەکان و لە سەروبەندی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی شۆڕشگێرانەی ژن، ژیان، ئازادیدا، «کەمبوونی تێچووی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ» لە هەندێ ناوچەی پەراوێزخراوی وەک کوردستان و بەلووچستاندا بە هۆکارێکی دووبارەبوونەوەی تاوانی هاوشێوەی تاوانەکانی جوانڕۆ و زاهیدان دەزانێت.

کاربەدەستانی ئەمنی و دادوەریی کۆماری ئیسلامی لە سەروبەندی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی شۆڕشگێرانەی ژن، ژیان، ئازادیدا، ڕەوتی سەرکوتکردنی چالاکانی مەدەنی و دادخوازان و هەروەها زانایانی سوننەیان لە کوردستان و سیستان و بەلووچستاندا قورستر و بەربڵاوتر کردووەتەوە.

ئەم ڕاپۆرتە هەمەلایەنەیە کۆمەڵێک ڕاسپاردەیش دەخاتە بەردەم کۆمەڵگەی جیهانییەوە، هەندێ لەم ڕاسپاردانە ئاڕاستەی ئەم دامەزراوە و ڕێکخراوانە کراوەتەوە:

١. لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەرماوەزی ١٤٠١ (دێسامبەری ٢٠٢٢) دوابەدوای بڕیارنامەی S35/L1 ی شۆرای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا، دەبێ بە وردی و تەواوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکانی جوانڕۆ بکات و بەڵگە و دۆکیۆمێنتە پێویستەکان بۆ تاوانەکانی حکومەت و هۆکارەکانی کۆ بکاتەوە و شیکارییان بۆ بکات.

٢. دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، توێژەران، پارێزەرانی یاسایی، ڕۆژنامەنووسان و سەرجەم چالاکانی بوارەکانی تر، دەبێ هەموو هەوڵی خۆیان بۆ کۆکردنەوەی شایەتییەکان، پێشینەی پزیشکی، ڕاپۆرتی شایەتحاڵە مەیدانییەکان و هەموو بەڵگە و دۆکیۆمێنتە پێوەندیدارەکان بە هەڵسوکەوتەکانی حکومەتەوە لە جوانڕۆدا بخەنە گەڕ و ئەم بەڵگەنامانە پێشکەشی لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن.

٣. بەرپرسانی پێوەندیدار بەم تاوانەوە دەبێ بەپێی پرەنسیبی ئەهلییەتی جیهانی بخرێنە بەر لێکۆڵینەوەی یاساییەوە. دامەزراوە و پسپۆڕانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتانی سەرانسەری جیهان، ئەنجومەنە یاساییە نێونەتەوەییەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دەبێ بە ئاشکرا پشتیوانی بکەن لە پرەنسیبی ئەهلییەتی جیهانی بۆ داواکاریی لێکۆڵینەوەی یاسایی لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

 ٤. دەوڵەتانی سەرانسەری جیهان دەبێ باڵیۆزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگهێشت بکەن و ڕاشکاوانە تاوانی جوانڕۆ شەرمەزار بکەن و لەسەر لێکەوتەی قورسی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماتیکی ئەم تاوانکارییە هۆشداری بە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بدەن.

٥. دەوڵەتانی سەرانسەری جیهان دەبێ لە پێناو شەرمەزارکردنی ڕاشکاوانە و ئاشکرای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی خۆیاندا بۆ پێکهێنانی کۆمەڵە هاوپەیمانییەکی چەندلایەنە هاوکاری بکەن. لەوانە دەرکردنی بەیاننامەی هاوبەش لە پرێس کۆنفرانسەکاندا و کۆڕ و کۆمەڵە چەندقۆلییەکانی وەک کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان یاخود کۆنفرانسی لوتکەی وڵاتانی جی ٧.

هادی قائیمی وێڕای ئاماژەدان بە بەرزبوونەوەی ئاستی ناڕەزایەتیی هاووڵاتیان لە ئێراندا، وتی: «لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی دەسپێکردنی خۆپیشاندانەکاندا، هەموو سات ئەگەری هەڵگیرسانەوەی دووبارەی خۆپیشاندانەکان لە ئارادایە».

بە وتەی هادی قائیمی «کۆمەڵگەی جیهانی تەنها لە ڕێگای سەپاندنی تێچوو و وەڵامدەرکردنی کۆماری ئیسلامییەوە دەتوانێت هیوادار بێت کە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە دەکات».

فایلی ئەم ڕاپۆرتە بە سێ زمان: