تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی گەلاوێژ (١٣ی ئاگۆست) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لە دەستەیەک لە کۆڵبەران کردووە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی ئەرسەلان ڕەسوولی پێکراوە و گیانی لە دەست داوە.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە ٢٩ ساڵەیەی خەڵکی ناوچەی «نەڵاس»ی شاری سەردەشت ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبیی بانە کراوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان،لە مانگی پووشپەڕدا (ژوەن و جولای ٢٠٢٣) کۆڵبەرێک بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانەی پارێزگای کوردستان کوژراوە. هەروەها لانیکەم ٨ کۆڵبەر بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و نەوسوودی پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان بریندار بوون.