سامان پاشایی پاڵەوانی پێشووی زۆرانی تازەلاوانی جیهان، مامۆستای زانکۆ و ڕاهێنەری وەرزشی خەڵکی سەقز کە ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕ (٢ی جولای) لە دەروازەی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، کەوتووەتە ژێر گوشاری قورسی لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت کە سامان پاشایی سەرئەنجام دوای ٤٥ ڕۆژ توانیویەتی چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە کاتی دیدارەکەدا لانیکەم دوو هێزی ئەمنی ئامادە بوون و بە بنەماڵەکەی سامان پاشاییان وتووە کە «تا کاتێک ئامادە نەبێ ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت ئازاد ناکرێت».

سەردار پاشایی، چالاکی سیاسیی دژبەری حکومەتی ئێران، ڕاهێنەری پێشووی تیپی نیشتمانیی زۆرانی فەرەنگیی ئێران و برای سامان پاشایی، ڕۆژی ٢٢ی گەلاوێژ (١٣ی ئاگۆست) لە لاپەڕەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاتیی ئیکسدا نووسیویەتی کە بنەماڵەکەی لە کاتی دیدارەکەدا لە دۆخی تەندروستیی سامان «تۆقیون». سەردار پاشایی ڕایگەیاندووە کە هەرچی بەسەر براکەیدا بێ بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆی حکومەتی ئێراندایە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت کە سامان پاشایی بە درێژایی ئەم حەفتانەی ڕابردوو لەژێر لێپرسینەوەی چڕوپڕدا بووە و بنەماڵەکەی دوای ئەو دیدارە ڕایانگەیاندووە کە سامان «جەستەیەکی زۆر لەڕ»ـە و تەنها «گۆشت و ئێسقان»ێکی لێ ماوەتەوە.

دوای زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون هێشتا تۆمەتەکان بە سامان پاشایی ڕانگەیەنراوە و تا ئێستایش لە مافی دیاریکردنی پارێزەر بێبەش کراوە.

سامان پاشایی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕ (٢ی جولای) لە کاتی گەڕانەوەدا لە سنەوە بۆ سەقز لە بەردەم بنکەی پۆلیسی هاتوچۆی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ئەم وەرزشکارە کوردە کە بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز و بە پەلامار و لێدانەوە بووە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیشی و دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە کەسییەکانیدا گرتووە. سامان پاشایی لە کۆتایی جۆزەردانیشدا (ژوەن) لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بانگهێشت کرابوو و خرابووە ژێر لێپرسینەوە.

دەستبەسەرکردنی ئەم وەرزشکار و مامۆستای زانکۆیە لە سەروبەندی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانەکەی ساڵی ڕابردوودا، هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیاندا کە لە شاری سەقزی زادگەی ژینا ئەمینی و شارەکانی تری کوردستاندا دەستی پێ کردووە.

سامان پاشایی، دوکتۆرای فیزیۆلۆژی، مامۆستای بەشی خۆراکی وەرزشی و فیزیۆلۆژیا لە زانکۆی ئازادی سەقز، ئەندامی ئەکادیمیای دوکتوریی وەرزش لە ئامریکا و پاڵەوانی سێهەمی زۆرانی تازەلاوانی فەرەنگیی دنیایە لە ساڵانی ڕابردوودا.

پێستر کۆمیتەی جیهانیی ئۆلەمپیک وەک پەرچەکردارێک لە ئاست دەستبەسەرکردنی سامان پاشاییدا ڕایگەیاندبوو کە «بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکات و مافی گرتنەبەری هەرچەشنە ڕێوشوێنێک دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران تا پێش دەستپێکردنی کێبەرکێی ئۆلەمپیک بە پارێزراو دەزانێت».