تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی بەفرانبار هێزە ئەمنییەکان لە شاری نەغەدەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ٣ هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی چەکۆ قەلەندەری، حسەین خەلەبانی و ئەحەد مەولوودی دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانە ماڵەکانیشیان پشکنیون.
پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزدا دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی گوندی «کوئیک»ی نەغەدەیش بە ناوەکانی فەرزین عەبدوڵڵازادە و سەرهەنگ عەلیزادە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەت و شوێنی ڕاگرتنی ئەم کەسانە بەردەست نەکەوتووە.