فەردین مستەفایی، بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی «سەقز ڕووداو» و ئەندامی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەوانان، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری سەقز دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٨ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) ئەم ڕۆژنامەوانە لە کافتریایەکی شاری سەقزدا و بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم چالاکە کوردە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

ئەم ڕۆژنامەوانە پێشتریش لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٢ (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لەگەڵ ناسر کەریمی، بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی «دەنگی شار»، لەسەر سکاڵای قایمقام (فەرماندار)ی سەقز بانگهێشتی بەردەم پۆلیسی فەتای ئەم شارە کرابوون و بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ و شێواندنی ڕای گشتی» خرابوونە بەر لێپرسینەوە.