لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئارام سادقی و ئارمان نەوشادی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی سنە و دیواندەرە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) ئارمان نەوشادی، هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە، لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە.

هەروەها ئارمان سادقی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، ڕۆژی ٢٠ی خەرمانان (١٠ی سێپتامبەر) لە بەردەم دووکانەکەی لە شەقامێکی ئەم شارەدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەری ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە شاری سنە.

هەردووکیان لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراون.

لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا، شەپۆلێکی نوێی بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی چالاکان، هاووڵاتیان و بنەماڵەی دادخوازانی کوردستان دەستی پێ کردووە و تا ئێستا لانیکەم ٢٣ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارەکانی مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، دیواندەرە، مەریوان، سەوڵاوا، بۆکان و بانە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و ١٤ چالاکی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانیش لە لایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنەوە بانگهێشت کراون.