بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، حاتەم ئوزدەمیر، زیندانیی سیاسیی کورد کە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو (مارسی ٢٠٢٣) سزای لەسێدارەدانی لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشابوویەوە، ڕۆژی ڕابردوو ٢ی پووشپەڕ (٢٣ی ژوەن) لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەوترێت ئەم زیندانییە سیاسییە سەرەتا بانگهێشتی بەردەم نووسینگەی پاسەوانیی زیندان کراوە و پاشان دراوەتە دەستی هێزە ئەمنییەکان. گواستنەوەی حاتەم ئوزدەمیر بۆ شوێنی نادیار لە حاڵێکدایە کە ئەم زیندانییە سیاسییە لە چەندساڵ لەمەوپێشەوە نەخۆشیی بەردی گورچیلەی لەگەڵە و سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکان و ئەنجامدانی سینۆگرافی بۆ نەشتەرگەری، تا ئێستایش لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.

حاتەم ئوزدەمیر، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تورکیا، ئێوارەی ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٨ (٢ی جولایی ٢٠١٩) لەگەڵ گرووپێکی چەندکەسی لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای «حەمزەی سەیدولشوهەدا»ی سپای پاسدارانی ورمێوە. ناوچەکە کەوتبووە بەر گوللەباران و تۆپبارانی ئەو هێزانە و حاتەم ئۆزدەمیر بە برینداری لەسەر خۆ چووبوو و دوای دەستبەسەرکران گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ. ئوزدەمیر لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژدا (١٩ی ئاگۆست) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢٢) دوای ٣٣ مانگ دەستبەسەربوونی کاتی و لە حاڵێکدا کە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆیی لێ زەوت کرابوو، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی خۆیەوە بە تۆمەتی «بەغی» و «ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستیدا» سزای لەسێدارەدان و ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدا ساڵح نیکبەخت ئەرکی پارێزەریی ئەم زیندانییە سیاسییەی گرتە ئەستۆ و تانەی لە حوکمەکە دا، هەر بۆیە دۆسیەکە بۆ پیاچوونەوە ڕەوانەی بەردەم دیوانی باڵای ئێران کرا.

لە رەشەمەی ١٤٠١دا (مارسی ٢٠٢٣) سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە لایەن لقی نۆهەمی دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکەی بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەەم لقی هاوتەریبی دادگای شۆرشی ئیسلامیی ورمێ.