بڕیاری دەستبەسەربوونی سەلام سوڵتانی و ئەمیر فەقێ، هاووڵاتیانی خەڵکی گوندی «خورەنج»ی پیرانشار کە لە دۆخێکی هەڵواسراو و لە زیندانی نەغەدە ڕاگیراون، جارێکی تر بۆ ماوەی مانگێک درێژ کرایەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، سەلام سوڵتانی و ئەمیر فەقێ بە ڕیز لە ڕۆژانی ١٧ی گوڵان و ٢ی جۆزەردانی ئەمساڵدا (٦ی مەی و ٢٢ی مەیی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لەو دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە و لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوون. لە کۆتایی جۆزەردانی ئەمساڵدا (ناوەڕاستی ژوەن) پاش کۆتاییهاتنی قۆناغی لێپرسینەوە هەردووکیان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کران.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیاری دەستبەسەربوونی ئەم دوو هاووڵاتییە لە لایەن دادگای پیرانشارەوە بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ کراوەتەوە.

تا ئێستا لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی سەلام سوڵتانی و ئەمیر فەقێ کراوەتەوە، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.