سزای لەسێدارەدانی مەولوود خالیدیان، نیما مورادی و نەسروڵڵا مینەتی، سێ بەندکراوی خەڵکی شارەکانی قوروە و ئیلام کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)یان بۆ دەرچوبوو، لە زیندانی ناوەندیی ئیلام و زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) مەولوود خالیدیان، بەندکراوی خەڵکی قوروە، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دراوە. ئەم بەندکراوە باوکی منداڵێک و خەڵکی گوندی «قاملوو»ی شاری قوروە بوو کە نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچوبوو.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕەزبەر (١ی ئۆکتۆبەر) نیما مورادی و نەسروڵڵا مینەتی لە زیندانی ناوەندیی ئیلام لە سێدارە دراون. ئەم دوو بەندکراوەی خەڵکی ئیلام لە چەند ساڵی ڕابردوو و لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوون و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)یان بۆ دەرچوبوو.