حەیدەر قوربانی، چالاکی کرێکاری و لە ئەندامانی یەکێتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی شاری شەهریاری پارێزگای تارانەوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپ یان لقێکی ئەو ناوەندانەی لە ناوخۆدا بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات دروست کراون» و «بانگەشەی دژی حکوومەت» بە گشتی حوکمی ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە ڕۆژانی ڕابردوودا حەیدەر قوربانی لە ڕێگەی تۆڕی ئێلێکترۆنیکی سەنای دەزگای دادوەرییەوە لەم حوکمە ئاگادار کراوەتەوە. دادگای ئەم چالاکە کرێکارییە ماوەیەک لەمەوپێش بە ئامادەبوونی پارێزەرەکەی لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی شەهریار بەڕێوە چووبوو».

حەیدەر قوربانی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی کامێران، لە ١٨ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری قودس دەستبەسەر کرا و دوای ٢٣ ڕۆژ لێپرسینەوە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.