ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی جۆزەران (٢٠ی ژوەن) هێزە ئینتیزامییەکانی سەربازگەی «چشمەسفید»ی شاری نوورئاوای پارێزگای لوڕستان، لە گوندی «گۆیژە»ی نوورئاوا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی شوکرڕەزا ڕەحمانی و یەکێک لە ئەندامای هێزەکە تەقەی لە سەری کچە ١٨ ساڵانەکەی ئەم بنەماڵەیە بە ناوی ڕازیە ڕەحمانی کرد و کوشتی.

کەسێکی نزیک لەم بنەماڵەیە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی جۆزەران (٢٠ی ژوەن) هێزە ئینتیزامییەکانی سەربازگەی «چشمەسفید»ی نوورئاوا بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە گوندی «گۆیژە» هێرشیان کردە سەر ماڵی شوکرڕەزا ڕەحمانی و ئەندامێکی ئەو هێزە تەقەی لە سەری یەکێک لە مناڵەکانی ئەو بنەماڵەیە بە ناوی ڕازیە ڕەحمانی کرد و ئەم کچە ١٨ ساڵەیەی کوشت».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «هێزەکان بە بیانووی دۆزینەوەی مادەی هۆشبەرەوە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکە و لە کاتێکدا کە دەمەقرە لە نێوان ئەندامانی بنەماڵە و ئەواندا دروست ببوو، پۆلیسێکی ئینتیزامی بە دەمانچە تەقەی لە سەری منداڵەکە کرد کە گوللە بەر سەری کەوت و دەسبەجێ کوژرا».