زیندانیی سیاسیی کورد نایب حاجیزادە لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکی لە بەندی کرێکاریی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدایە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە زیندانیی سیاسیی کورد نایب حاجیزادە کە لە نزیکەی دوو مانگ لەمەوپێشەوە لە بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبییەوە گوازراوەتەوە بۆ بەندی کرێکاریی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدایە. ناوبراو کە لە جۆزەردانی ئەمساڵدا بۆ نەشتەرگەریی پلاتین ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کرابوو و بەبێ تەواوکردنی دەرمانەکان گەڕێنرابوویەوە بۆ زیندان، دوای ماوەیەک بە قورسی تووشی ئیلتیهابی قاچ بووە، هەروەها لە چەند حەفتەی ڕابردوو و لە کاتی کارکردندا بە هۆی هەڵگرتنی شتی قورسەوە تووشی دڕانی ناوزگ بووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە حەفتەی ڕابردوو ڕەوانەی نەخۆشخانەی عارفیانی ورمێ کرابوو بەڵام بەبێ هیچ چەشنە پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی گەڕێنرابوویەوە بۆ زیندان. سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکەکانی نەخۆشخانەی زیندان و بوونی مۆڵەت بۆ ڕەوانەکردنی خێرای ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی زیندان هیچ هەنگاوێکیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارە هەڵنەگرتووە.

نایب حاجیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی کامران قاسمی، کەیوان ڕەشۆزادە، ئومید سەعیدی و عەبدولعەزیز محەممەدپووردا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ. دادگای ئەم هاووڵاتییانە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا، حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیان بەسەردا سەپا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ورمێ لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی تردا بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب عەسکەری، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامەو حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن زیندانییەکی تاوانە گشتییەکانەوە ڕووی دابوو.