هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی فەرمان حەیدەرنژاد و محەممەد مەحموودی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شارەکانی سەوڵاوا و پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، لە بەردەستدا نییە.
به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی گەڵاڕێزان، هێزە ئەمنییەکان هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی «زێوە»ی پیرانشاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوایان بە ناوی محەممەد مەحموودی دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.
هاوکات هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «دێوەزناو»ی سەوڵاوای پارێزگای کوردستان دوای ئەوەی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کرا، دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستۆتەوە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە و بەسەرکردنەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان و دادگاکانی ئەم شارانە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەت و شوێنی ڕاگرتنیان بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، لە سەرەتای گەڵاڕێزانەوە تا ئەمڕۆ لانیکەم ١١ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.