ئێوارەی ١٧ی گەڵاڕێزان عەلی محەممەدیموقەدەم، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە ڕۆژی ١٤ی گەڵاڕێزانەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست نەگواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە مانی لە خواردن گرتووە، بە فەرمانی بەرپرسانی زیندان ورمێ ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی کراوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتر لە بەروای ١٩ی ڕەزبەردا بە دوورینەوەی لێوەکانی بۆ ماوەی حەفتەیەک مانی لە خواردن گرتبوو. ناوبراو بە هۆی ١٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا تووشی نەخۆشیی شیزۆفرینیا بووە و کۆمیسیۆنی پسپۆڕ لە بەشی دەروونپزیشکیی پزیشکیی یاسایی ورمێش ئەم بابەتەی پشتڕاست کردۆتەوە.
پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو: «ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەر لقی ٢ی دادگای سەربازیی تاران لە دووتوێی نامەیەکدا کە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێی ناردووە، بە لەبەرچاوگرتنی نەخۆشیی شیزۆفرینیای عەلی محەممەدیموقەدەم داوای کردووە ناوبراو بگوێزرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ڕازی، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی زیندان ئامادە نەبوون ئەم زیندانییە ڕەوانەی نەخۆشخانەی بکەن».
عەلی محەممەدیموقەدەم، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، ماستەری زانستە سیاسییەکانی هەیە و لە ئەندامانی ئەرتەشی ئێران بووە کە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە بەفرانباری ١٣٨٧ و لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری تاران دەستبەسەریان کرد و دوای ١٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ٣٧ی ئەرتەش و ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعاتدا، گواسترایەوە بۆبەندی گشتیی بەندیخانەی ئێڤینی تاران.
ناوبراو دوای دوو ساڵ چاوەڕوانی، لە ڕەزبەری ساڵی ١٣٨٩دا لە لایەن لقی دووهەمی دادسەرای سەربازیی تارانەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی سیخوڕیکردنەوە بۆ دەوڵەتەکانی ئامریکا و ئینگلیس، حوکمی ١٨ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی ورمێی بە سەردا سەپا. ناوبراو لەم دادگایەدا مافی دیاریکردنی پارێزەری لێ سەنرابوویەوە. حوکمەکە دوای مانگێک لە لقی ٣١ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و ئەم بەندکراوە لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٨٩دا گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ.
عەلی محەممەدیموقەدەم لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار پشووی کاتی یان مورەخەسیی وەرگرتووە، بەڵام خەرمانانی ساڵی ڕابردوو و لە کاتی مورەخەسیدا، کاتێک کە دەیویست لە ئێران بچێتە دەرەوە لە شاری خووی بە دەستی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە ئیتر مافی مورەخەسی و تەنانەت وەرگرتنی چارەسەر و دەوا و دەرمانیشی لێ زەوت کراوە.
ورمێ؛ عەلی محەممەدیموقەدەم لە چوارەمین ڕۆژی مانگرتندا ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا
دەستبەسەرکردنی پێنج هاووڵاتی و چالاکی مەزهەبیی کورد لە پیرانشار
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٥ هاووڵاتی و چالاکی مەزهەبیی کورد بە ناوەکانی سومەییە قادری، حسەین بایەزیدی، محەممەد سوڵتانی، محەممەد مورادی و هادی یووسفپوور لە...
زیاتر بخوێنەوەدەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی کورد دوای بانگهێشتکران بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای میاندواو
ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئاوریل) دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «حاجی حەسەنی شامات»ی سەر بە شاری میاندواو بە ناوەکانی موحسین قادرڕەش و ئومید...
زیاتر بخوێنەوەڕەتکردنەوەی داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەی ڕەزا ڕەسایی لە دیوانی باڵای ئێراندا
لقی یەکەمی دیوانی باڵای ئێران داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی ڕەزا ڕەسایی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدامی ڕەت کردەوە. دیوانی باڵای ئێران بەبێ لەبەرچاوگرتنی کێشە...
زیاتر بخوێنەوە