ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی خەرمانان (٥ی سێپتامبر) سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە کاتژمێر ١٣ی ئەمڕۆ ١٤ی خەرمانان (٥ی سێپتامبر) ئەم هاووڵاتییە لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ ماڵەوە لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە. ئەم هێزانە هەروەها هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکە و دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەل و پاسپۆرت و ناسنامەی ئەندامانی بنەماڵەکەدا.

تا ئەم ساتە لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

دامودەزگا ئەمنییەکانی حکومەت لەم حەفتانەی دوایی و لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، گوشارەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی گیانبەختکردوان پەرە پێ داوە و سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بانگەواز و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی گیانبەختکردوان هەڕەشەیان لێ کردوون.

ڕەزا بەبرنژاد، برای مێهدی بەبرنژاد، حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە، باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە، شەرمین حەبیبی، هاوژینی فەرەیدوون حەبیبی، ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی کەرەمی، عەبدوڵڵا ئەبووبەکری، باوکی زانیار ئەبووبەکری و شەهرووز حسەینپووری، برای ئازاد حسەینپووری، لە ڕیزی ئەو بنەماڵە دادخوازە کوردانەدان کە لە شارەکانی قووچان، پیرانشار، کەرەج، سەقز و مەهاباد لەم حەفتانەی دواییدا کەوتوونەتە بەر شەپۆلی بانگهێشت، هەڕەشە و دەستبەسەرکردنی هێزە ئەمنییەکانەوە. لە شارەکانی تری ئێرانیشدا دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان دەستیان داوەتە بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی بنەماڵەی دادخوازان.