لە درێژەی گوشاری دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکاندا بۆ سەر بنەماڵەی گیانبەختکردوان، ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی خەرمانان (٥ی سێپتامبر) ئەحمەد و سوڵماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەحمەد و سوڵماز حەسەنزادە ڕۆژی ڕابردوو بە تەلەفۆن بانگ کراون بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان و ئەمڕۆ دوای سەردانکردنی ئەم دەزگا ئەمنییە هەردووکیان دەستبەسەر کراون.

هەواڵنێریی تەسنیم کە سەر بە سوپای پاسدارانە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندبوو کە کەسێک بە ناوی فەردین کەریمی وەک «بکوژ»ی محەممەد حەسەنزادە دەستبەسەر کراوە، بەڵام بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە گیانبەختکردووە هەواڵەکەیان بە درۆ خستووەتەوە و وتوویانە کە محەممەد حەسەنزادە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١دا (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) بە دەستی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان بە چەقۆ کوژراوە.

دامودەزگا ئەمنییەکانی حکومەت لەم حەفتانەی دوایی و لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، گوشارەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی گیانبەختکردوان پەرە پێ داوە و سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بانگەواز و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی گیانبەختکردوان هەڕەشەیان لێ کردوون.

سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی، ڕەزا بەبرنژاد، برای مێهدی بەبرنژاد، حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە، باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە، شەرمین حەبیبی، هاوژینی فەرەیدوون حەبیبی، ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی کەرەمی، عەبدوڵڵا ئەبووبەکری، باوکی زانیار ئەبووبەکری و شەهرووز حسەینپووری، برای ئازاد حسەینپووری، لە ڕیزی ئەو بنەماڵە دادخوازە کوردانەدان کە لە شارەکانی قووچان، پیرانشار، کەرەج، سەقز و مەهاباد لەم حەفتانەی دواییدا کەوتوونەتە بەر شەپۆلی بانگهێشت، هەڕەشە و دەستبەسەرکردنی هێزە ئەمنییەکانەوە. لە شارەکانی تری ئێرانیشدا دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان دەستیان داوەتە بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی بنەماڵەی دادخوازان.