پارسا قوبادی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران و دانیشتووی کرماشان کە ڕۆژی ٣٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (٢١ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شاری کرماشان کەوتبووە بەر دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان و هەردوو چاوی بریندار ببوو، ڕۆژی ١٣ی خەرمانان (٤ی سێپتامبەر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە و تا ئەستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خەرمانان (٤ی سێپتامبەر) هێزە ئەمنییەکان چوونەتە سەر شوێنی کاری باوکی پارسا قوبادی لە شاری کرماشان و ئەم لاوە بریندارەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە پارسا قوبادی تا ئێستەیش لەژێر دەرماندایە و لە کاتی دەستبەسەرکرانیشەوە مافی وەرگرتنی چارەسەر و دەواودەرمانەکانی لێ زەوت کراوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لە دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکاندا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە کوردە بەردەست نەکەوتووە.

پارسا قوبادی، لاوی ١٨ ساڵانی خەڵکی گوندی «شایینی»ی شاری کامێران و دانیشتووی شاری کرماشان، ڕۆژی ٣٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (٢١ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کرماشاندا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان و هەردوو چاوی بە گوللەی ساچمە بریندار بوون.  

ئەم هاووڵاتییە دوای برینداربوون لە لایەن هێزەکانی بەسیجەوە دەستبەسەر کرا و دوای یەک کاتژمێر ئەشکەنجەدان و لێپرسینەوە لە شەقامێکی نزیک ماڵەکەیاندا ئازاد کرا.

پارسا قوبادی پێشتر لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئینستاگرامدا سەبارەت بەم بابەتە نووسیبووی: «کاتێک چاوەکانم پێکرا دەستگیر کرام. دەمانچەکەیان نایە سەر سەرم و ناچاریان کردم نیو کاتژمێر لە حاڵەتی جووجەدا [جۆرێک ئەشکەنجە] بم. تۆسقاڵێک بجووڵایەم بە قۆنداغی تفەنگ لە سەریان دەدام.».

پارسا قوبادی هەروەها چەند مانگێک لەمەوپێش سەبارەت بە دوایین دۆخی هەردوو چاوە بریندارەکەی لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئینستاگرامدا نووسیبووی: «چاوی چەپم دوای دوو جار نەشتەرگەری هیچ بیناییەکی نییە و چاوی ڕاستم دوای هەشت جار نەشتەرگەری بیناییەکی زۆر کەم و لێڵی هەیە و تەنها بە چاویلکەوە دەتوانم بنووسم و بخوێنمەوە. هەروەها ٧ ساچمەیش لە نزیک مێشکمدایە».