سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی خەبات دێهدار، ڕامیار دێهدار و ئازاد عەباسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی سنە و دێولان دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبەر) خەبات دێهدار و براکەی، ڕامیار دێهدار، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە سنە دەستبەسەر کراون. هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە و بەبێ ئەوەی مۆڵەتی یاساییان پێ بێت ئەم دوو برایەیان دەستبەسەر کردووە.

خەبات دێهدار، چالاکی کرێکاری و زیندانیی سیاسیی پێشوو، پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و ڕۆژی ٧ی گەڵاڕێزان (٢٩ی ئۆکتۆبەر) بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو ٢٧ی خەرمانان (١٨ی سێپتامبەر) ئازاد عەباسی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان بۆ دووهەم جار لە دوو حەفتەی ڕابردوودا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەم چالاکە مەدەنییە لەگەڵ براکەیدا، سیرووس عەباسی، لە ڕێکەوتی ١٨ی خەرماناندا (٩ی سێپتامبەر) دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای شۆڕشی ئیسلامیی دێولان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی قوروە. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبەر) دوای حەفتەیەک دەستبەسەربوون ئازاد کرا.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی ٢ حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ١٣٠ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی مەریوان، سەقز، سنە، دیواندەرە، مەهاباد، دێلوڕان، ئەراک، کامێران، قوروە، جوانڕۆ، کرماشان، بانە، بۆکان و شنۆ دەستبەسەر کراون.

تەنها لە ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانانەوە (١٦ی سێپتامبەر) تا ئێستا، لانیکەم ٣٥ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.