ڕۆی ڕابردوو ١٤ی گەڵاڕێزان (٥ی نۆڤامبەر) ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای وەرزشی دواناوەندییەکانی شاری ئاودانانی پارێزگای ئیلام و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢٧ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئیلام کرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوابەدوای پەسەندکردنی حوکمەکە، ئەم مامۆستایە لە ڕێگای بانگهێشتنامەی ئەلەکترۆنییەوە بۆ جێبەجێکردنی سزاکە بانگهێشتی بەردەم بەشی ئیجرای ئەحکامی کەیفەریی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئاودانان کرابوو.

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە کاتی ڕۆیشتنی ئەحمەد عەلیزادە بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە.

ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای ٥١ ساڵانی خەڵکی ئاودانانی ئیلام، لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ (١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ١٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە ١٨ی بەفرانباریشدا (٨ی ژانڤییە) دوای بانگهێشتکران بۆ دادگوستەریی ئەم شارە جارێکی تر دەستبەسەر کرایەوە و دوای ٢ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەحمەد عەلیزادە بە شێوەی غیابی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (١٤ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەجەب محەممەدی بەڕێوە چوو و لە ٢٥ی ڕەشەمەدا (١٦ی مارس) پێی ڕاگەیەنرا کە سزای بەندکران و سزای تەواوکەری بەسەردا سەپاوە.

بەپێی حوکمەکە، ئەحمەد عەلیزادە بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپی زیاتر لە دوو کەس بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» بە ڕیز سزای ٢٧ مانگ و ڕۆژێک بەندکران، ٦ مانگ بەندکران و یەک ساڵ دابڕاندن لە کاری دەوڵەتی و گشتی و مامۆستایەتی و ساڵ و نیوێک دوورخستنەوەی زۆرەملێ بۆ شاری فونووجی پارێزگای سیستان و بەلووچستانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم مامۆستایە هەروەها لە جۆزەردانی ئەمساڵدا (مەیی ٢٠٢٣) لە لایەن بەشی سەرپێچییە ئیدارییەکانی پەروەردە و فێرکاریی ئیلامەوە سزا درابوو بە «خانەنشینیی پێشوەختە لەگەڵ کەمکردنەوەی دوو گرووپ لە ئیمتیازەکانی».