سەیاد دەروێشی، برای فەرجاد دەروێشی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە ورمێ، نزیکەی دوو حەفتە لەمەوپێش لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە سەیاد دەروێشی، نزیکەی دوو حەفتە لەمەوپێش لە شەقامێکی ورمێ لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لەم شارەدا.

دەوترێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە سەیاد دەروێشی لە دەستبەسەرگەیەکی ئەم دەزگایە لە ورمێدایە و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕادەستی دادگا دەکرێت.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی دیدار و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەدا بێبەش کراوە.

سەیاد دەروێشی لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار بە تەلەفۆن لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی لێ کرابوو. دامودەزگا ئەمنییەکان هەروەها ڕۆژی ٢٩ی خەرمانان (٢٠ی سێپتامبەر) بە شێوەیەکی بەربڵاو لە گوندی «بالۆ»ی ورمێ جێگیر کران و مۆڵەتیان بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یەکەم ساڵیادی گیانبەختکردنی فەرجاد دەروێشی نەدا.

فەرجاد دەروێشی، هاووڵاتیی کوردی ٢٣ ساڵانی خەڵکی گوندی «بالۆ»ی ورمێ، ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڕەکی وەلیعەسری ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان گیانی بەخت کرد.