ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەشەمە (١٠ی مارس) فەریاد قادری، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی گوندی «کۆڵیژ»ی سەوڵاوا، دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە دەستبەرسەر کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە چەند ڕۆژێک لەمەوپێش بانگهێشتی بەردەم دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە کرابوو و سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دوای سەردانکردنی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

فەریاد قادری پێشتریش لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی ٤ مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیدا لە سنە، ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا. دواجار لە گوڵانی ١٣٩٩دا (مەیی ٢٠٢٠) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

هەروەها لە کۆتایی هاوینی ئەمساڵدا (٢٠٢٣) حسێبە بانکییەکانی ئەم هاووڵاتییە کوردە بە دەستووری دادگا داخرابوو.