سێ چالاکی مەزهەبیی سوننەی کورد و زیندانیی پێشوو بە ناوەکانی جەمشید ئەحمەدی، ئەفشین ئەحمەدی و شەهرام عیبادیان دوای دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە گەلاوێژی ١٤٠١دا (ئاگۆستی ٢٠٢٢) بێسەروشوێن کراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، جەمشید ئەحمەدی و ئەفشین ئەحمەدی، دوو برای خەڵکی سنە، ڕۆژی ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠١ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کران. شەهرام عیبادیانی هاوسەری خوشکی ئەم دوو چالاکە مەزهەبییەیش ڕۆژی دواتر واتە ٢٨ی گەلاوێژ (١٩ی ئاگۆست)، لە کاتێکدا کە بە مەبەستی وەرگرتنی هەواڵێک لەسەر بارودۆخی ئەوان سەردانی زیندانی ناوەندیی سنەی کردبوو، لە لایەن هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

دوای تێپەڕینی ١٩ مانگ بەسەر دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ئەم سێ چالاکە مەزهەبییەدا و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان دەڵێن هیچ زانیارییەکمان لە دەستبەسەرکردن و چارەنووسیان نییە و تەنانەت گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەکان تاکوو هیچ هەواڵێک لەسەر ئەم هاووڵاتیانە بڵاو نەکەنەوە.

جەمشید ئەحمەدی، ئەفشین ئەحمەدی و شەهرام عیبادیان پێشتریش چەندین جار لەبەر چالاکییە مەزهەبییەکانیان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و چەندین مانگ لە دەستبەسەرگە و زینداندا بەند کراون. لە دوایین حاڵەتدا، شەهرام عیبادیان لە سەرەتای ساڵی ١٤٠١دا (٢٠٢٢) لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای ٢ مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا. ئەم هاووڵاتییە دوای ٣ مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.