ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوە (٧ی ئاوریل) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەرپێڵی زەهاوی کرماشان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی دوکتور لوقمان قەنبەری و ئەم نووسەر و وەرگێڕە کوردەیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوە (٧ی ئاوریل) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم نووسەرە لە سەرپێڵی زەهاو و وێڕای پشکنینی ماڵەکە، دەستیان گرتووە بە سەر کۆمەڵێک کەلوپەلی وەک مۆبایل و لەبتابەکەیدا. لوقمان قەنبەری دوای ڕۆژێک مانەوە و چەندین کاتژمێر لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەم شارەدا، ڕۆژی ڕابردوو بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کراوە.

وەرگێڕانی کتێبی «کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نائارامدا» یەک لە بەرهەمەکانی دوکتور لوقمان قەنبەرییە کە وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئێران مۆڵەتی چاپکردنی پێ نەدا و هەر بۆیە لە ئەورووپا چاپی کرد.

لێپرسەوەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران پێوەندیی نێوان وەرگێڕ و نووسەری کتێبەکەیان (وێفرا بەنگیڤ) وەک بەڵگەی «پێوەندی لەگەڵ ئیسراییلدا» لە قەڵەم داوە.