مەنسوور کەریمیان، فیلمسازی خەڵکی سنە کە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەیەکی فیلمسازی سەفەری ڕۆژئاوای کوردستانی کردبوو، لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئەرتەشی تورکیادا گیانی بەخت کرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی شەممە ٢ی بەفرانبار (٢٣ی دیسامبەر) لە ئەنجامی هێرشی درۆنیی ئەرتەشی تورکیادا بۆ سەر شوێنی حەوانەوە و ژیانکردنی مەنسوور کەریمیان لە شاری دێرکی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەم فیلمسازە کوردە گیانی بەخت کردووە.

ڕێوڕەسمی پرسە و یادکردنەوەی ئەم فیلمسازە کوردە ڕۆژی ڕابردوو چوارشەممە ٦ی بەفرانبار (٢٧ی دیسامبەر) لە مزگەوتی «چواریاری نەبی»ی سنە بە ئامادەبوونی بەربڵاوی هاووڵاتیان بەڕێوە چوو. بنەماڵەکەی هەوڵ دەدەن لە ڕۆژانی داهاتوودا تەرمەکەی بگوێزنەوە بۆ سنە و لەوێ ئەسپەردەی بکەن.

مەنسوور کەریمیان، هونەرمەندی ٣٩ ساڵانی خەڵکی سنە، پێشینەی ٢٠ ساڵ چالاکیی لە بەستێنی سینەما و لە بواری وێنەگرتن، وێنەهەڵگرتن، دەنگهەڵگرتن و دەرهێنەریدا هەبوو. ئەم هونەرمەندە کوردە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەرکی وێنەهەڵگرتنی دوو فیلمی سینەمایی بە ناوەکانی «تاڤا سۆر» و «ئەڤینا کورد»ی بە ئەستۆوە ببوو.

ڕێوڕەسمی پرسە و یادکردنەوەی ئەم هونەرمەندە لە شاری سنە